Breitbart: ئێران و عێراق رێککەوتنیان کرد..پێوەست بە داعشە

تاران-KDP.info-بەگوێرەی زانیاری ماڵپەڕی Breitbart، عێراق و ئێران رێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە، ئێران مەشق و راهینان بە سوپای عێراق دەکات، هاوکات راستەوخۆیش یارمەتی سەربازی دیکە پیشکەش بە سوپای عیراق دەکات.
سوپای ئیران لە یارمەتیدانی سوپای عێراق بەردەوامی هەیە و ماڵپەڕی Breitbart ئاشکرایکرد کە، وەزیری بەرگری عیراق، (خالد ئەلعبێدی) رۆژی سێشەممەی رابردوو لە تاران یاداشتێکی لیکتیگەیشتنی لەگەڵ وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئیران واژۆکردووە کە، بەگوێرەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە ئێران رۆڵی دەبێت لە بونیاتنانەوەی سوپای عێراق و، زیاتر لە دژی تیرۆریستانی داعش هاوکاری سوپای عێراق دەکات.
هەندێ مێدیای ئێرانی دەڵێن کە، یاداشتەکە تەنیا بونیاتنانی سوپای عێراق ناگرێتەوە بەڵکە، ئیران بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عیراقی کردووە بە تەواوەتی هاوکاری سەربازی عێراق دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، هەردوولا بۆچوونیان وابووە کە، داعش تەنیا مەترسی بۆ سەر عێراق نییە، بەڵکە مەترسیشی بۆ سەر ئیران هەیە، بۆیە پێکەوە رووبەڕووی داعش دەبنەوە.
ماڵپەڕەکە نووسیویەتی کە، کۆماری ئیسلامی ئیران راوێژکاری سەربازی بۆ عێراق رەوانە کردوون کە، مەشق و راهینان بە سوپای عێراق دەکەن.




