د. کەمال کەرکووکی: کوتانی داعش لە ساڵی نوێشدا بەردەوامە؛ ئەمساڵ ساڵی شکستی تیرۆریستانی داعش دەبێت

کەرکووک ــ KDP.info ــ (د. کەمال کەرکووکی) بەرپرسی قۆڵی ڕۆژئاوای کەرکووک ــ دوبز ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە دەسپێکی ساڵی نوێدا بە چڕی مۆڵگەکانی داعشیان بۆردوومان کرد لە قۆڵی ڕۆژئاوای کەرکووک ــ دوبز؛ داعش لەو بۆردوومانەیشدا بریندار و کوژراوی زۆریان هەیە؛ دەشڵێت ساڵی 2015 ساڵی شکستی تیرۆریستانی داعش دەبێت و، هەرێمی کوردستانیان لێ پاک دەکەینەوە و، ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی گەلە سەربەرزەکەمان دەکات.
(د. کەمال کەرکووکی)، بەرپرسی قۆڵی ڕۆژئاوای کەرکووک ــ دوبز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵی 2014دا خراپ شکان، لەم بەیانییەوە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بۆ یەکەمین جار لە ساڵی نوێدا بە چڕی لە قۆڵی ڕۆژئاوای کەرکووک ــ دووبز، مۆڵگەکانی داعشیان بۆردوومان کرد؛ داعش لەو بۆردوومانەیشدا، بریندار و کوژراوی زۆریان هەیە."
بەرپرسی قۆڵی ڕۆژئاوای کەرکووک ــ دووبز وای دەبینێ کە: "بە دڵنیاییەوە ساڵی نوێ ساڵی شکستی تیرۆریستانی داعش دەبێت، بە پشتیوانیی یەزدانی مەزن و، هێز و بازووی پێشمەرگە قارەمانەکان و، خەڵکە سەربەرزە دڵسۆزەکەی کوردستان، هەرێمی کوردستانیان لێ پاک دەکەینەوە و، ئایندەیەکی گەشیش چاوەڕوانی گەلە سەربەرزەکەمان دەکات."




