دڵشاد شەعبان: ئەگەر قەیرانی دارایی چارەسەر ببێت حکوومەت بە نرخی بەنزیندا دەچێتەوە

هەولێرـKDPINFOـ جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و، سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند حکوومەت بەڵێنی داوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە داراییە ڕزگاری ببێت، بە نرخی بەنزیندا بچێتەوە.
(دڵشاد شەعبان)، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەبەر قەیرانی دارایی، لیترێک بەنزین لە 500 دینارەوە کرایە 900 دینار، حکوومەت بەڵێنی بە ئێمە دا کە ئەگەر لەو قەیرانە ڕزگاری ببێت، بە نرخی بەنزیندا بچێتەوە."
)دڵشاد شەعبان) گوتیشی: "حکوومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێیان ڕاگەیاندووین تێچوونی لیترێکی بەنزین زۆر زیاترە لە 500 دینار، بەڵام بە دوای ئەو بابەتەدا دەچین، تا بزانین تێچووی یەک لیتر بەنزین بۆ حکوومەت چەندە، ئەوکات گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەت دەکەین."
جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و، سامانی سرووشتی لە پەرلەمانی کوردستان دەیشڵێت: "دیار نییە نرخی بەنزین لە چ نرخێکدا جێگیر دەبێت، بەڵام هەوڵ دەدەین لە 750 دینار زیاتر نەبێت."
یەحیا سابیر




