شنگال..گشت گەڕەکە ستراتیژیی و بەرزاییەکانی بە دەستی پێشمەرگەیە..تا ئێستا 5 جار هێرشی داعش تێک شکێندراون

شنگال-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال عەمید (بەھرام عەریف یاسین) رایگەیاند کە، گشت گەڕەکە ستراتیژییەکانی شنگال و بەرزاییەکەی بەدەستی هێزی پێشمەرگەوەیە و، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکشدا تەواوی شنگال ئازاد دەکرێت.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال عەمید (بەھرام عەریف یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە دوێنێوە ھیچ شەڕێکی وا لەشنگال روینەداوە، بەڵام ھەموو گەڕەکە ستراتیژی و بەرزایەکان لە دەست ھێزی پێشمەرگەدان و تاوەکو ئێستا داعش چەندین ھێرشیان ئەنجامداوە، بەڵام لە لایەن ھێزی پێشمەرگە بەرپەچیان دراوەتەوە و تێک شکێندراون، چونکە ئەو رێگایەی کە پێشمەرگە لێگرتوون بۆ درعا دەچێت و بۆ ئەوان زۆر گرینگە، بۆیە زۆر پێی دڵگران بوون و ھەوڵی گرتنەوەی دەدەن، بەڵام بەھیچ جۆرێک رێگەیان پێنادەین.
(بەھرام عەریف یاسین) گوتیشی، ھێزی پێشمەرگە ھیچ ھێرشێکی ئەنجان نەداوە و تەنیا ئەو شوێنانە دەپارێزێت کە ئازادی کردوون و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە پێنج ھێرشی ئەوان تێک شکێندراون.
ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگە راشیگەیاند، تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری تیرۆریستانی داعش کوژراون و، زۆر تەرمیشیان لەبەر دەستی ئێمەدایە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی لەنێو شنگالدان عەرەبی دەوروبەری شنگال و بەعاجن و تورکمانەکانی تەلەعفەر و بیانیشیان لەگەڵە، ھەندێک بە زمانی روسی قسەیان دەکرد کە، پێدەچێت چیچانی بن و، پێش چەند رۆژێک تیرۆریستێکی بیانی کوژرابوو لەنێو گیرفانی پارەی نیجیریای هەبوو، دیارە خەڵکی ئەو وڵاتە بووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا گوتی، پلان و بەرنامەی باش ھەیە و، لە ماوەیەکی نزیکدا شنگال رزگار دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




