مووسڵ..200 مامۆستا چوونەتە ریزی داعش..نیازی گۆڕینی شێواز و بابەتی خوێندنیان هەیە

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ حسین ئەلتاتانی) رایگەیاند کە، 200 مامۆستا لە پەروەردەی مووسڵ چوونەتە ریز تیرۆریستانی داعش و، دەیانەوێ شێواز و بابەتی خویندن لە شاری مووسڵ بگۆڕن، بەڵام لەو هەوڵە سەرکەوتوو نابن، چونکە زۆری نەماوە مووسڵ ئازاد بکرێت و تیرۆریستان وەدەر بنرێن.
سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ حسین ئەلتاتانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە ئێستادا ژمارەیەك ماموستا، بەڕێوبەری پەروەردە، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و بەرپرسانی پەروەردەیی شاری مووسڵ چونەتە نێو رێزی تیرۆرستانی داعش کە، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی وەزیری پەروەردەی عێراق پێیداوین، 200 کەسێک دەبن.
( سەیدۆ حسین ) ئەو 200 کەسە کە پێوەندیان کردووە بە داعش دەستیان، کردووە بە گۆڕینی بابەتی خوێندن و دەستکاریان کردوون، هەروا بەنیازن کە شێوازی خوێندن بە تەواوەتی بۆ ساڵی داهاتوو بگۆڕن، بەڵام تا ئەو کات بە دڵنیاییەوە داعش لە مووسڵ وەدەر دەنرێن.
سەرۆكی لیژنەی پەروەردە گوتیشی کە، لەکاتی ئازادکردنی مووسڵ کە بە دڵنیاییەوە زۆری نەماوە، ئەو کەسانەی بەو کارە هەڵساون گشتیان سزا دەدەین و دەستگیردەکرێن و دەدۆزرێنەوە، چونکە ئەمانە بابەتی خوێندن دەگۆڕن و بە گوێرەی ویستی داعش، دایدەڕێژنەوە.
پێوەست بە قوتابیانی مووسڵ کە لە ئیستادا ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی پارێزگای دهۆک بوون و چی بۆ خوێندنی ئەوان دەکرێت..؟ (سەیدۆ ) دەڵێت، ئەگەر چی لە نێو کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک ژماریەک کەمپ هەن کە قۆتابخانەی تیایدا کراوەتەوە، بەڵام بەردەوام دەبین بە هاوکاری لەگەڵ پەروەردەی دهۆک بۆ ئەوەی لە گشت کەمپەکاندا قوتابیانی ئاوارەبوو بتوانن بخوێنن و، مامۆستایشیان بۆ دابین دەکەین.
نەشوان بەرزنجی




