کۆبانی..پێشمەرگە شەش ئۆتۆمبێلی داعشی تێک شکاند..8 تەرمی داعش جێ مان

کۆبانی-KDP.info- نەقیبی پێشمەرگە لە كۆبانی ( شەعبان بالەندی ) رایگەیاند کە، ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە دووری 6 کم بۆردومانی 6 ئۆتۆمبێلی تیرۆریستانی داعشی کرد و، لە ئاکامدا گشت ئۆتۆمبێلەکانی پێکا و تێکی شکاندن..هەروا ئاشکرایکرد کە، لە ئاکامی شەڕێکی سەختدا پێشمەرگە و شەڕڤانان پێشڕەویان کرد و، 8 لاشەی تیرۆریستانیش کەوتنە دەستی پێشمەرگە و شەڕڤانان.
نەقیبی پێشمەرگە لە كۆبانی ( شەعبان بالەندی ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە بۆردومانێکدا 6 ئۆتۆمبێلی تیرۆریستانی داعشی پێکا کە دەیانویست لە رێگەی حەلەب بەرە و کۆبانی بێن، بەڵام ئێمە دوای ئەوەی کە زانیاریی تەواومان پێوەست بەو ئۆتۆمبێلانە هەبوون کە بەرە و کۆبانی بەڕێوەن و 6 کم لێمانەوە دووربوون، یەکڕاست بە هاون و کاتیۆشا بۆردومانمان کردن، لە ئاکامدا هەر 6 ئۆتۆمبێلەکانی تیرۆریستانمان پێکا و، بە تەواوەتی تێک شکێندران بە جۆرێک گشت ئەو تیرۆریستانەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیش بوون کوژران.
(نەقیب شەعبان ) دەشڵێت، ئێوارەی دوێنێ پێشمەرگە و شەڕڤانان پێکەوە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بووینەوە و، شەڕێکی سەخت روویدا و تیرۆریستان دەیانویست پێشڕەوی بکەن، بەڵام بەرپەرچمان دانەوە و دوای ئەوەی تێکمان شکاندن، توانیمان پێشڕەویش بکەین و، 8 لاشەی تیرۆریستانیش کەوتنە دەست هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی ئاماژەیشی کرد کە، فڕۆكە جەنگییەكان ئێستا بۆردومانی گردی مشتەنوور دەکەن و چاوەڕوانیش دەکڕێت کە زیانێکی یەکجار گەورەیان بە تیرۆریستان گەیاندبێت.
هەروا پێوەست بە گەڕانەوەی خێزانە کوردەکانیش بۆ کۆبانی گوتی، گشت ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە لەو شوێنانە نیشتەجێدەبن کە هێزی پێشمەرگەی لێ یە، چونکە وەک خۆیان پێمانڕادەگەیەنن ئەو شوێنانەی پێشمەرگەی لێیە بە تەواوەتی ئارامن و، جێگەی مەترسینین کە دەستی تیرۆریستانیان پێ بگات.
نەشوان بەرزنجی




