ھێزی زێرەڤانی: ژمارەیەک لەو گوندانەی عەرەبی لێ نیشتەجێن بە چوونی پێشمەرگە خۆشحاڵن

هەولێر-KDP.info- ئەندامی فەرماندەی ھێزی زێرەڤانی (ئازاد حەوێزی) رایگەیاند کە، ژماریەک لەو گوندانەی لە سنووری شنگال عەرەبی لێ نیشتەجێن و، ئێستا پێشمەرگە گوندەکانی ئازاد کردوونەتەوە، بە هاتنی پیشمەرگە خۆشحاڵن و هەماهەنگی باشیش لە نێوانمان دایە.
ئەندامی فەرماندەی ھێزی زێرەڤانی (ئازاد حەوێزی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، تاڕادەیەک لە شنگال دۆخەکە ئارامە و ھیچ ھێرشێک نەبووە و دواکەوتنی ئازادکردنی شنگالیش ھۆکاری خۆی ھەیە، بەڵام ئامادەنەبوو بەھۆی ئەوەی پرسێکی ئەمنیە ئاشکرای بکات.
(ئازاد حەوێزی) گوتیشی، ژمارەیەک عەرەب لە ئێستادا لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگە دان و لەگەڵ داعش نەبوونە و بەو پەڕی رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و پێشمەرگە ھاوکاریشیان دەکەن و هەماهەنگی باش لە نێوانماندا هەیە.
(حەوێزی ) راشیگەیاند، ژمارەیەک لەو گوندانەی عەرەبی لێ نیشتەجێن خۆشحاڵن بە چوونی ھێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، چونکە داعش ستەمی لەوانیش کردووە و پارەی لێ سەندوون، بۆیە لە ئێستادا بوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە بووەتە ئەمری واقیع و ئەوانیش خۆشحاڵن.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا گوتی، گورزی کوشندە لەداعش وەشێندراوە و بەدەیان تیرۆریستی داعش کوژراون و ژمارەیەکی زۆری تەرمی ئەوانیش لەبەردەستی ھێزی پێشمەرگەدانە، بەڵام ئاماری فەرمی کوژراوەکانیان لا نییە.
بڵند ئیبراھیم




