بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە: بە جیددی پشتگیری لە نامە حەوتخاڵییەکەی سەرۆک دەکەین

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان (بەهار عەبدولڕەحمان)، رایگەیاند کە، دەستخۆشی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، (سەرۆک بارزانی) دەکەن پێوەست بەو نامە حەوتخاڵیەی کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و، بە هەنگاوێکی بەرز لە قەڵەمی دەدەین و، لە بەرژەوەندی گشت پێشمەرگە و هەرێمی کوردستاندایە..جەختیشی کرد کە، لەکاتی رەوانەکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بڕیاری زیادکردنی مووچەی پێشمەرگە دەدەن.
دوای ئەوەی رۆژی 23-ی تەمموزی 2014 پەرلەمانی كوردستان بە ئامانجی باشتركردنی گوزەرانی پێشمەرگە ، بڕیاری ژمارە 19-ی دەرچواند، بەگوێرەی ئەم بریارە مووچەی پێشمەرگە هاوتای مووچەی هێزەكانی ناوخۆ دەكرێت سەرەڕای خەرجكردنی دەرماڵەی هاوسەرگیری ومنداڵ و مەترسی، كەمترین مووچەی پێشمەرگەش 870 هەزار دینار دەبێت، دەربارەی ئەمپرسە بریاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان (بەهار عەبدولڕەحمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند" لە راستییدا جێبەجێ كردنی ئەم بریارە پێوەستە بە كۆتاییهاتن بەم قەیرانە داراییە چونكە ئێمە هەر لە بریاری ژمار 19 دا لە برگەیەكدا گوتوومانە دووای كۆتاییهاتن بەم قەیرانە ئەم خاڵانە جێبەجێ دەكرێن، لە ساڵی نوێدا كاتێك كە رێكارە یاساییەكانی بودجە تەواو بوون، بەگوێرەی رێكکەوتن بەشە بودجەی هەرێم رەوانە دەكرێت و ئەوكاتەیش بڕیاری زیادكردنی مووچەی پێشمەركە جێبەجێ دەكرێت".
ڕۆژی 14ـی 12ـی 2014 (سەرۆک بارزانی) نامەیەكی حەوتخاڵی ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لە نامەكەیدا (سەرۆک) رایگەیاندووە کە، بەهیچ جۆرێك كاری ڕێكخستن و حزبایەتی لە ناو وەزارەت ناكرێت و ئەو كەسەی بیەوێت لەناو وەزارەت حزبایەتی بكات با دەست لە كار بكێشێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ لای حزبەكەی خۆی. هاوكات (سەرۆك بارزانی) دەشڵێت، پێویستە هەرچی زووترە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ڕێكوپێكی یەك بخرێتەوە و گۆڕانكاری لەو فەرماندەییانەدا بكرێت كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا نەیانتوانیوە ئەركی خۆیان بە باشی جێبەجێ بكەن. لەبارەی ئەم نامە حەوتخاڵییەوە، (بەهار عەبدولرەحمان) رایدەگەیەنێت "ئیمە دەست خۆشی و پشتیوانی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان (سەرۆک بارزانی) دەكەین لەبارەی سەرجەم خاڵەكانی ئەو نامە حەوتخاڵیەی كە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کردووە، بە هەنگاوێکی گرینگ لە قەڵەمی دەدەین كە ئەم بریارە شتێكی زۆرباشەو لەبەرژەوەندی هێزی پێشمەرگەدایە، بەهۆی ئەوەی كە سەرۆكی هەرێمی کوردستان بەرپرسی یەكەمی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانە، كاتێك بریاری یەك خستنەوە و نەهیشتی حزبایەتی و دوورخستنەوەی كەمتەرخەمەكان دەردەكات لە وەزارتەی پێشمەرگە، ئەوا بۆ ئێمە جیگای رێز گرتنە و، بەو پەڕی جیددیەوە پشتگیری لێدەکەین.
سەرباز واحد




