لە پشووی زستانەیاندا پەرلەمانتاران دەچنە ناو خەڵك و پێشمەرگەوە.. لە كاتی پێویستدا كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدەن

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پەرلەمان كۆتایی بە خولی گرێدانی یاسا لە ساڵی دووەمدا هێنا و لەو ماوەیەیشدا لیژنەكان كاری خۆیان ئەنجام دەدەن و لە كاتی پێویستیشدا پەرلەمان كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدات.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی زەرد (فرسەت سۆفی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئەمڕۆ یەكەم رۆژە كە كۆتایی بە وەرزی یاسادانان لە پەرلەمانی كوردستان دێت، واتا لە ماوەی دوو مانگدا پەرلەمان لە حاڵەتی ئاساییدا یاسا دانانێت.
(سۆفی ) گوتیشی، "ئەگەر حاڵەتێكی پێویست بێتە پێش، ئەوا یاسایش دادەنێین، بۆ نموونە بابەتی دەستوور یان یاسای نەوت و غاز یان ئەو بابەتەی كە پەیوەندییان بە سندووقی داهاتی نەوتەوە هەیە یاخود حاڵەتی تایبەتی پارێزگای هەڵەبجە و گەییشتنی پڕۆژەیاسای بودجە، بۆ ئەمانە پەرلەمان راستەوخۆ بانگەوازێك دەردەكات و كۆ دەبینەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، "ئێمەی ئەندامی پەرلەمان لە چاودێریكردنەكانمان بەردەوام دەبین وەكو مانگەكانی دیكەی پێشوویش سەردانی شوێنەكان دەكەین وەكو وەزارەت و دامودەستگاكان و گشت شوێنێك كە پێویست بكات، هەروەها لیژنەكانیش بە هەمان شێوە لە كارەكانیان بەردەوام دەبن و كۆبونەوەكانمان وەكو پێشوو ئەنجام دەدەین، بۆیە لەو ماوەیەیشدا هەول دەدەین ئاگاداری رەوشی گشت شوێنێك بین و دەچینە ناو خەڵك و گوێیان لێ دەگرین، هەروەها دەچینە بەرەكانی جەنگ لای پێشمەرگە قارەمانەكانمان و بەسەریان دەكەینەوە".
دەشڵێت، لیژنەكان لەو ماوەیەدا راپۆرتی خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی لە وەرزی یاسادانانی نوێدا كۆمەڵێك راپۆرت ئامادە بن و ژمارەیەك یاسای نوێ دەنگیان لەسەر بدرێت.
نەشوان بەرزنجی




