مووسڵ..داعش دوارۆژی 2014-یان بە تەقاندنەوەی پردێک و ماڵی سەرۆکهۆزێک و مزگەوتیک تێپەڕاند

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) رایگەیاند کە، ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش پردێکیان لە ناحیەی گیارە لە باشوری مووسڵ لە ناوچەی سەھریج تەقاندەوە لەترسی ئەوەی ھێزی پێشمەرگە ھێرشیان بۆ ببات..هەروا ماڵی سەرۆکهۆزێکیشیان تەقاندەوە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، داعش پردێکی لە ناحیەی گیارە لە باشوری مووسڵ لە ناوچەی سەھریج تەقاندەوە لەترسی ئەوەی ھێزی پێشمەرگە ھێرشیان بۆ ببات.
(عیسمەت رەجەب )گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ داعش ماڵی پەرلەمانتاری عێراقی (حەسەن عەلۆ)-یان لە ناوچەی ئاسکی مووسڵ تەقاندەوە.
ئاماژەشیدا، تیرۆریستانی داعش بەڕێوبەری گشتیی فرقەی سێی پۆلیسی مووسڵی لە ناحیەی گیارە بەناوی (عەقید عەبدوڵا جبوری) دەستگیرکردووە و تا ئێستاش چارەنووسی دیار نییە.
ئەو بەرپرسەی پارتی راشیگەیاند، ئەمڕۆ داعش ماڵی سەرۆکھۆزی جبوری بەناوی (شێخ محەمەد تاھیر عەبد ) لە ناحیەی بادۆش رۆژئاوای مووسڵ تەقاندەوە.
رونیشی کردەوە،تیرۆریستانی کەتیبەکانی مووسڵ لە گەڕەکی نەجار لە لای راستی شاری مووسڵ تەقەیان لە سەرکردەیەکی داعش بەناوی(عەبدوڵا یاسین)ناسراو بە (عەبدوڵا ئەعوەر)کرد کە بەرپرسی دابینکردنی چەک بووە بۆ چەکداران، لەئاکامدا کوژرا.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ وتیشی، ھەر ئەمڕۆ تیرۆرستانی داعش مزگەوتی ئیمام موحسین لە گەڕەکی شیفا لەلای راستی شاری مووسڵ بەرانبەر بینای تەندروستی تەقاندەوە.
بڵند ئیبراھیم




