٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پەرلەمانتارانی عێراق گەواهی بۆ پێشمەرگە دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامی پەرلەمانی عێراق، (موحسین سەعدون) رایگەیاند کە، ئێستا تەواوی ئەندام پەرلەمانانی عێراق لە ئەنجوومەنی نووێنەران، گەواهی بۆ پێشمەرگە دەدەن و دەزانن كە پێشمەرگە چ قارەمانیەتییەكی تۆمارکردووە و، کەسیش ناتوانێ سەرکەوتنی پێشمەرگە حەشار بدات.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق لە لیستی كوردستانی و ئەندامی لیژنەی یاسایی (موحسین سەعدون) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەو سەركەوتنەی هێزەكانی پێشمەرگە كە ئەمساڵ لە بەڕامبەر تیرۆرستانی داعش تۆماری کرد بەتایبەت ئەو پێشڕەویەی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی دەڤەری شنگال و زوممار و رەبیعە، شتێكی گرینگ و گەورە بوو بۆ ئێمەی میللەتی كورد بەتایبەتیی، هەروا میللەتی عیراقیش  بە گشتیی،  چونكە توانیان ژمارەیەکی یەكجار زۆر تیرۆریستی داعش بكوژن و وایان لە دوژمن كرد تەنانەت بە راکردنیش رانەگەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نووێنەرانی عیراق گوتیشی، دەبێت ئێمە هەموومان سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگە و (سەرۆك بارزانی) بكەین، هەروا ئەو شەهیدە قارەمانانە لەبیر ناكەین كە بە خوێنی پاكی خۆیان ئەو خاكەیان لە تیرۆریستانی داعش پاك كردەوە و، سوپاسی خۆڕاگری بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین كە، جێگای شانازی و سەربەرزی هەموومانن .
(موحسن سەعدون) ئاماژەیشی کرد، ئێمەی ئەندامانی كورد لە بەغدا هەمیشە پشتگیری لە پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین و، ئێستا تەواوی ئەندام پەرلەمانانی عێراق لە ئەنجوومەنی نووێنەران گەواهی بۆ پێشمەرگە دەدەن و دەزانن كە پێشمەرگە چ قارەمانیەتییەك تۆمار دەكات، هە روەك مەرجەعی شیعەیش (سیستانی) پێش هەفتەیەک سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد، دەربارەی ئەو هەموو سەركەوتنانەی لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش بەدەستیان هێناون.
هەروا گوتیشی کە، دەبێت حكوومەتی عیراق لە بەغدا مافی پێشمەرگە بدات و مووچەكەیان بنێرێت، چونكە پێشمەرگە ئێستا بەرگری لە عێراق و كوردستان دەكات، ئەو دوژمنەی كە بۆ تەواوی عێراق هاتووە، ئیدی پێشمەرگەیە کە توانی تێکیان بشکێنێت.
(سەعدون) ئاماژەیشی کرد کە، كەس ناتوانێت نكوڵی و چاو پۆشی لە سەركەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە بكات كە، توانیویەتی ناوچەیەكی یەكجار زۆر ئازاد بكات، بەڵام هێزەكانی عێراق بەداخەوە تا ئێستا نەیان توانیوە شتێکی ئەوتۆ لەهەمبەر داعش بکەن، بۆیە ئێستا لە هەموو جیهان پێشمەرگە گرینگی تایبەتی هەیە.
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار