پارێزگاری دهۆک لە رێگەی ماڵپەڕی پارتی دوو داواکاری ئاراستەی حکوومەتی هەرێم و ناوەند و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد

دهۆک-KDP.info-پارێزگاری دهۆک (فەرهاد ئەتروشی) رایگەیاند کە، 820 هەزار ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن و 20 کەمپیان بۆ دروستکردوون، لە ئیستادا هەر سێ ناحیەی (زوممار، رەبیعە و سنوونێ ) کە ئازادکراونەتەوە بەردەوامیان لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناحیانە..هەروا دوو داواکاریشی لە ریگەی ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاراستەی حکوومەتی هەرێم و ناوەند و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.
پارێزگاری دهۆك (فەرهاد ئەتروشی) لە دیمانەیەکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە رەوشی ئاوارەکانی لە سنووری پارێزگای دهۆک زانیاری گرینگ دەخاتە ڕوو کە، تیایدا ئاماژە بە داتا و چۆنیەتی رێکخستنی کاروبارەی ئاوارەکان دەکات و، دەڵێت، پاش ئەوەی خەڵكێكی زۆر ئاوارەی پارێزگای دهۆك بوون كە ژمارەیان وەك لەلای ئێمە و UN تۆمارکراوە گەیشتووەتە 820 هەزاركەس، ئەو ژمارەیە گەلێک زۆرە و لە ئاست گشت پاریزگاکانی دیکەی عێراقدا دهۆک زۆترین ئاوارەی لە خۆگرتووە.
دەربارەی ژمارەی ئەو كەمپانەی لە پارێزگای دهۆك هەن، (فەرهاد ئەتروشی ) دەڵێت، بە شێوەیەكی فەرمیی ئێمە لە پارێزگای دهۆك 20 كەمپمان هەیە كە لە نێوانیاندا کەمپی وا هەیە کە 6000 خیزان لێ نیشتەجێیە، هەندێ کەمپێش ژمارەکەی دەگاتە 1000 خێزانیش، هەروا چوار کەمپیش بۆ کوردانی رۆژئاوا تەرخانکراون کە گەورەترینیان کەمپی دۆمیزە و، کەمپەکانی دیکەش لە بەردەرەش و کەمپی گەویلان و ئاکرێن کە، تایبەت بە کوردانی رۆژئاوای کوردستانن.
( ئەتروشی) پێوەست بە ژمارەی خیزانەکانی ئاوارە لە کەمپەکان دەشڵێت، کەمپێکی گەورەمان هەیە لە زاخۆ کە 5 هەزار خێزانی لێ نیشتەجێیە، هەروا گەورەترین کەمپیش لە ئاست سنووری پاریزگای دهۆک برتییە لە کەمپی سێمێڵ کە، 6 هەزار خیزانی لە خۆگرتووە و ژمارەیەک کەمپی دیکەش لە سێمێڵ هەن کە کۆی گشتیی ئەو ئاوارانەی تەنیا لە سێمێڵ هەن بریتین لە 15 هەزار خێزان.
پارێزگاری دهۆک، سەبارەت بە چۆنیەتی هاوكاریكردنی ئەو ئاوارانە رایگەیاند کە، بە زووی ژوورێکی عەمەلیاتمان لە ئاستی پارێزگا پێکهێنا و بە بەشداری گشت فەرمانگەکانی پێوەندیدار و، کارەکانمان بە شێوەک داڕشت کە هەر فەرمانگە و ئەرکێکی پێسپێردرا، بە نمونە ئەو ئاوارانەی لەنێو قوتابخانەکان نیشتەجێکرابوون، بەڕێوەبەرایەتی پەرەوەردە سەرپەرشتی کردن، هەروا بەڕێوەبەرە گشتییەکان هەریەکە کەرتێکی سەرپەرشتیان پێدرابوو بۆ ئەوەی لە هەماهەنگی و کۆمەک و رێکخستنی ئاوارەکاندا بتوانرێت بە رێکی کارەکان بەجێ بەگەینرێت، دواتریش یوئێن هاتە سەر هێڵ و یارمەتیداین لە دابینکردنی پێداویستی ئاوارەکان.
(فەرهاد ئەتروشی) دەڵێ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) رۆڵێکی گەورەی دی لە بەهاناوەهاتنی ئەو ئاوارانە و سەردانی کردین و نزیکەی 25 ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد کە یارمەتی ئاوارەکان بدرێت بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان، هەروەها حکوومەتی ناوەندیش یارمەتی داین.
(ئەترووشی) دەیگێڕێتەوە کە بەو پارەیەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆی دابینکردن توانیان کە، پیداویستی زۆر بۆ ئاوارەکان دابین بکەن، لە ناوچەی قادیا لە نزیک زاخۆ بە بڕی 7 ملیۆن دۆلار 10 هەزار کەرڤانمان دروستکرد کە ئاو کارەبا و خزمەتگوزاریمان بۆ دابین کرد، لە شێوەی شارێکی هاوچەرخە کە باشترین کەمپی ئاوارەکانە لە ئاست هەرێم و عێراقدا. (فەرهاد ئەترووشی) گوتیشی کە، لە مانگی 12 گشت قوتابخانەکان دەوامی خوێندنیان لێ کرانەوە و، ئاوارەکانی نێوی لەو کەمپانە نیشتەجێکران کە بۆیان ئامادە کراوبوون.
پارێزگای دهۆک پێوەست بە شنگال، گوتی کە، "لە ئیستادا خەڵکی شنگال گەلێک دڵخۆشن بەتایبەت دوای ئەوەی کە پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی لە سنوورەکە بەرپاکرد و ناوچەیەکی بەرفراوانی شنگالیان ئازاد کردەوە.من لە کۆبوونەوەیکدا ئامادەبووم کە (سەرۆک بارزانی) بەڵێنی گرتنەوەی شنگالی دا و، بەڵێنەکەی بەجێگەیاند کە راستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد و دواتر (سەرۆک) چووە سەر چیای شنگال و لەوێدا موژدەی سەرکەوتنی پێشمەرگەی بە هەموو جیهان راگەیاند.
پێوەست بەو ناوچانەی کە لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ئازادکراوە، (ئەترووشی) دەشڵێت، هەر سێ ناحیەی (زوممار، رەبیعە و سنوونێ ) ئازادکراوون، ئێمە بەردەوامین لە هاوکاریکردنی ئەو سێ ناحیەیە لەرووی کارەبا و ئاو و پیداویستی گرینگی دی.هەروا من بە حکوومەت و وەزیرێکی پێوەندیدار بەو پرسەم راگەیاندووە کە بۆ هاوکاریکردنی ئەو ناوچانە پێویستە بودجەیەکی تایبەت دابینبکرێت تا ناوچەکە ئاوادان بکرێنەوە ، هەرچەند کە ئێمە یارمەتیان دەدەین، بەڵام بە دابینکردنی بودجەیەک بۆ ئەو ناوچانە بە تەواوەتی ناوچەکە لەرووی زۆر بواردا پەرەسەندنی باش بەخۆییەوە دەبینێت.
دەربارەی هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەکانی سەرچیای شنگال، (ئەترووشی) گوتی کە، "لە دەسپێکدا کە رێگەی سەرچیای شنگال کرایەوە، کۆمەک و یارمەتیمان رەوانەی سەر چیا کرد کە، بە فەرمانی (سەرۆک بارزانی) 10 بۆ 12 کاروانی هاوکاریمان بە ئۆتۆمبیل یەکڕاست گەیاندە سەر چیای شنگال کە 5 کاروانی ئۆتۆمبێلەکە سووتەمەنی بوون و 5 دیکەیشیان پێداویستی خورادن بوون. هەروا 8 تەن خواردنمان نارد و سووتەمەنیمان بۆ ناحیەی سنوونێ نارد، لە ئێستاشدا خەریکین کە ستافێکی کارگێڕی بۆ ناحیەی رەبیعە دادەنێین".
پارێزگای دهۆک، دوو داواکاری لە ریگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاراستەی حکوومەتی ناوەند و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە پێوەستن بە یارمەتی و کۆمەکی زیاتر بۆ ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و، هەروا قەرەبووکردنی پاریزگای دهۆک کە بەهۆی رەوشی بارودۆخەی شەڕ و ئاوارەکان پێویستە ئەو شارە ئاوڕی لێبدرێتەوە وەک گوتی، "لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان داوادەکەم لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئاوارەکان پێویسیتان بە پێداویستی رۆژانە هەیە وەک خۆراک و پێداویستی دیکە بەتایبەت لەو کاتەی کە دەگەڕێنەوە پێویسیتان بە زۆر شت هەیە بۆ ئەوەی کە کەموکورتیان نەبێت، پێویستە دەستی یارمەتیی زیاتریان بۆ درێژبکەن. لە لایەکی دیکەوە ئێمە داوا دەکەین کە قەرەبووی پاریزگای دهۆک بکەنەوە کە لەرووی شەقام و تێکچوونی رێگەو بان. پێویستە حکوومەتی ناوەند و هەرێم قەرەبووی پاریزگای دهۆک بکەنەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە رێگەی پڕۆژەی درێژخایەن یارمەتیدەرمان بدەن بۆ ئەوەی خەڵکی دهۆک قەرەبوو بکرێنەوە. سوپاسی خەڵکی دهۆک و سنووری دهۆک دەکەم کە زۆر پشوو درێژبوون لەو قەیرانەی کە هاتە پێش و بەردەوامیش لەگەڵمان بوون و لەگەڵمانیش دەبن".
نەشوان بەرزنجی




