وەزارەتی پەروەردە: رۆژی یەكشەممە و سێشەممەی هەفتەی داهاتوو ناكرێنە پشوو.. تاقیكردنەوەكان بەردەوام دەبن

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، رۆژی یەكشەممە و سێشەممەی هەفتەی داهاتوو لە وەزارەتی پەروەردە دەوامی فەرمییە و نابێتە پشوو، لەو دوو رۆژەیشدا وەكو رۆژەكانی دیكە تاقیكردنەوەكان بەردەوام دەبن.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فاتیح مەولەوی زادە)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، بڕیارە رۆژی یەكشەممە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی یەكەم دەست پێ بكەن و رۆژی سێشەممەیش كە لە هەرێمی كوردستاندا پشووە، تاقیكردنەوەكان بەردەوام دەبن و نابێتە پشوو.
(فاتیح مەولەوی) گوتیشی، لە تاقیكردنەوەكانی رۆژی یەكشەممەی داهاتوودا ملیۆنێك و 700 هەزار قوتابی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا بەشداری دەكەن.
زیاتر گوتی، تەنیا لە ناوەندەكانی خوێندندا دەوامی فەرمی دەبێت و بۆ فەرمانبەران دەوام نییە، چونكە وەكو دامودەستگاكانی دیكە پشووی فەرمییە.
بڵند ئیبراهیم




