مەکتەبی سیاسی پارتی: خوازیارین 2015 موژدەی دەسكەوتی باشتر و زیاتری پێ بێت

هەولێر-KDP.info-مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی 2015 پەیامێکی پیرۆرزبای راگەیاند و، لە پەیامەکەدا هاتووە کە، " خوازیارین لە ساڵی نوێدا پتر قبوڵکردنەوەی گیانی لێوبردەیی و پێکەوەژیان و برایەتی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستانیدا بێتە دی..هەروا هیوادارن کە، ساڵی 2015 موژدەی دەسكەوتی باشتر و زیاتری پێ بێت".
دەقی پەیامی پیرۆزبای مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی 2015
بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی 2015 گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەشی هەموو گەلی کوردستان و عێراق و جیهان و سەرجەم مرۆڤایەتی دەکەین، ئومێد دەکەین ساڵی نوێ ببێتە سەرەتایەکی نوێ و بەختەوەری زیاتر بۆ کوردستان و چەسپاندنی پتری ئارامی و ئاسودەیی و بنەبڕکردنی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆرسیتان. هەر لەم بۆنەیەشەوە پیرۆزبایی گەرمیش پێشکەشی سەرجەم موسلمانانی کوردستان و جیهان بکەین بە بۆنەی لەدایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام و هاوکاتیش پیرۆزبایی لە سەرجەم کریستانییەکان دەکەین بە بۆنەی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح. ئومێد دەکەین هەڵکەوتنی ئەم بۆنانە لە یەک كاتدا ببێتە مایەی خۆشی و برایەتی و پێکەوەژیانى زیاتر و گەشەکردنی کوردستان و گەڕانەوەی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم عێراق و ناوچەکە.
ئێمە لە کاتێکدا پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین، کە کوردستان لەئەنجامی هێرشە دڕندەییەکانی تیرۆرسیتانی داعش دووچاری مەترسی و هەڕەشەی گەورە بۆتەوە، هەرچەندە بە خۆڕاگری و گیانفیدایی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دڵسۆزی و لە خۆبوردەیی هاووڵاتیان و بەشداریان لە رێبەرایەتی جەنگێکی یەکلاکەرەوە، بینیمان داعشە مرۆڤكوژهكان دووچاری شکان و داڕمانی گەورە بوونەتەوە و بەشێکی زۆری خاکی کوردستانیش ئازادکراوە، ئەمەش نەک هەر بە تەنیا دەبێتە مایەی ئاسودەیی لە کوردستاندا، بەڵکو دەبێتە مایەی پاراستنی گیانی هەزاران هەزار مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا.
ئێمە لەو کاتەی پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین، ئومێد دەکەین ئەو میلۆنان ئاوارە و لێقەوامانەی بە هۆی شەڕی ناوەخۆیی لە سوریا و هێرشە دڕندەییەکانی داعش و کێشەی شەڕی تائیفی لە عێراق و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان رویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی هەرێمیش بەو پەڕی هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی هاوکاری لێقەومانیان کردووە، بگەڕێنەوە زێد و شوێنی خۆیان. جێگای شانازییه کە لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی کوردستان بە قەد توانای چەند وڵاتێک پێشوازی لە ئاوارەکان کردووە و ژیانی ئەو کەسانەی لە هەموو ئاستەکان پاراستوە، ئومێد دەکەین لە ساڵی نوێدا خەڵکی ئاوارە و لیقەواماو سەربەزارنە و بە ئاسودەیی و لە سایەی ژیانێکی باشتر و ئازاد بگەڕێنەوە سەر ماڵ و مولکی خۆیان و ژیانیان پارێزراو بێت. وەکو چۆن لە ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان پێشوازی لە لێشاوی ئاوارە مەسیحی و ئێزیدی و شهبهك و كاكهییهكان کردووە، کە لەترسی جینۆساید و قڕکردنی داعشە دڕندەکان روویان لەم ناوچە ئارام و پڕ لە ئاسایشە کردووە، هیوادارین ئەوانەش لەسایەی سەرکەوتنە بەردەوامەکانی هێزی پێشمەرگە سەرفرازانە بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.
لەساڵی رابردوودا کوردستان بە هۆی سزای دارایی تووشی قەیران و کێشەی موچە بۆوە، هەموو تاک و هاووڵاتیەکی کوردستان، وەکو پێشمەرگە بۆ تێکشکاندنی پلانە گومانلێکراوەکان، تەسلیمی ئەم شەڕە ترسناکە داراییە نەبوون، ئەمەش جێگەی سەربەزری پارتیمانە کە هەمیشە لە پێناو ئەم میللەتە خۆڕاگر و بە ورەیە داکۆکی و خەباتی کردووە. ئومێد دەکەین، لە ساڵی نوێدا، هاووڵاتیان کێشەکانیان لەمبارەوە بنەبڕ بکرێت و، لە پێناو گەشەکردنی کوردستان هەرچی زیاترە خزمەتی هاووڵاتیان لە هەموو ئاستەکان بکرێت. هەروەها پێداگری لەسەر بەدیهێنانی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکەین، لەرێگەی دانوستان و، پاڵپشتی هەنگاوەکانی ئەو دوایەی حکوومەت-یش بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، دەکەین.
پێشمەرگە بە رێبەرایەتی سەرۆکی هێژامان، سهرۆك (مەسعود بارزانی)، نەک هەر بەتەنیا شەڕی دژی داعشی سەرکەوتوانە ئەنجام داوە، بەڵکو وەکو رەمزێکی نەتەوەیی و کوردستانی، لە کوردستانی باشور و رۆژئاوا گیانی هاوکاری و لێکنزیکبوونەوەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان قوڵتر کردۆتەوە، کە دەکرێت ئەمە بکرێتە بناغەیەکی دیکە بۆ یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەییمان، دیارە لەم قۆناغەدا سەرۆک بارزانی وەکو سەرکردەی نەتەوە و رێبەری کوردستان رۆلێکی مێژوویی و گرینگ لە پێناو دابینکردنی دوارۆژێکی گەشتر بۆ کوردستان دەگێڕێت، پێویستە هەموو لایەنەکان بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی، کار بۆ یەکڕیزی و تەبایی و لێکتێگەشتنی هاوبەش لە نێوان لایەنەکان بکەن، کە کوردستان هەرچەندە فشار و شەڕێکی دەروونی ترسناک و جەنگێکی وهحشیگهرانهى رووبەروو بۆتەوه، بەڵام لە سایەی ئەم رێبەرایەتییە لەم قۆناغە مێژووییەدا، ئاسۆی کوردستان گەش دەبینرێت. لەمبارەوە دەکرێت رێککەوتنی دهۆک لە نێوان لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانیش وەکو بنەمایەکی دیکەی ئەو ستراتیژە کوردستانییە دابنرێت کە لە پێناو یەکرێزی و تەبایی و کاری هاوبەش ئەنجام دراوە.
لە ساڵی رابردوودا کوردستان لەتەک هەموو قەیرانانەکاندا، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و لە بواری دیبلۆماسی و پەیداکردنی دۆست و هاوکاری سەربازی بۆ پێشمەرگە هەنگاوی کەم وێنەی لە مێژووی سیاسی کوردستان ناوە، ئومێد دەکەین ئەم دەرفەت و کرانەوە جیهانییە بەرووی هەرێمی کوردستاندا، ببێتە مایەی پتر دابینکردنی ئارامی و سەربەخۆیی سیاسی لە کوردستاندا. کە دیارە ئەم هەنگاوانەش بۆ رۆلی سەرۆک بارزانی دەگەڕێنەوە، کە وەکو پێشمەرگە لەبەرەکانی جەنگ و هەروەها وەکو کاریزمایەکی بڕیار بەدەست ئەم ئەنجامە ئومێد بەخشانەی بۆ کوردستان بەدەستهێناوە.
کوردستان کە بەردەوام کراوەتە ئامانجی تیرۆرسیتان و رق لە دڵان، بەڵام ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان بۆتە جێگەی خۆشحالی و بایەخی سەرجەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، بۆیە هیواراین ساڵی نوێ ئەم سەقامگرییە، خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی زۆرتر و زۆرتر بۆ هاووڵاتیان بهێنیت و بەم بۆنەشەوە دەبێت سوپاسگوازی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەن و دەزگایانە بکەین کە رۆلیان لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و بەرزکردنەوەی نێوبانگی کوردستان لەمبارەوە هەیە.
لە ساڵی نوێ دا، خوازیاری پتر قوڵکردنەوەی گیانی لێوبردەیی و پێکەوەژیان و برایەتی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستانین لە نێوان سهرجهم پێكهاتهكان به کورد و تورکمان و كلدان سریان ئاشوری و ئێزدی و کاکەیی و شەبەک-هوه، کە هەزاران ساڵە ئەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیانە بە ئاشتی و برایەتی لە کوردستاندا دەژین و وەکو هاونیشتمانی، لە پێناو یەک ئامانج و یەک ئایندە قوربانی دەدەن و گیان فیدایی دەنوێنن. لە بیری نەکەین مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مێژووی شەهیدەکانی، نمونەیەکی باڵا و بەڵگەدارە بۆ یەکڕیزی پێکهاتەکان و لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەک ئامانجی لە کوردستاندا. بەم بۆنەیەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بڕوا و متمانەی بەهێزەوە کار دەکات بۆ پاراستنی ئیرادە و ریزگرتن لە واقیعی ژیان و سیاسی ئەم پێکهاتانە و لە رێگەی قوڵکردنەوەی بنەماکانی دیموکراسی و ئاشتی، ئەم پێکەوەژیانە مێژووییە پەرەپێدەدات.
لە بۆنەی ساڵی نوێدا، جەخت دەکەینەوە لەسەر بوژانەوەی پتری کوردستان و گەشەکردنی ئابوری و بایەخدان بە ئازادی راگەیاندن و پاراستنی مافی هاووڵاتی بوون و بە دامەزراوەیی کردنی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ههروهها پاڵپشتی و هاوکاری خۆمان بۆ نامەکەی بهڕێز سەرۆکی هەرێمى كوردستان کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کردووە، دەردەبرێن، لە پێناو بەدامەزراوەیی کردنی هێزی پێشمەرگە و یەکخستنی ئەو هێزەی کە ئەمڕۆ گیان و سەروەریی و ئایندەی هەموومان دەپارێزێت و نێوبانگی کوردستانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرزتر کردۆتەوە.
لەم بۆنەیەدا سڵاو بۆ گیانی پاکی سهرجهم شەهیدانی کوردستان و ئهو پێشمهرگه قارهمانانه دەنێرین، کە لە ساڵی رابردوودا لە جەنگی دژ بە داعش گیانیان بەخشی و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، سڵاو بۆ خۆڕاگری گەلی کوردستان دەنێرین، کە سەلماندیان میللەتێکی زیندوون، گەلێکی خۆڕاگر و ئازادی پەروەرن. سڵاو بۆ دایکی شەهیدان، کە کوردستان شانازی بە رۆلەکانیان دەکات و ئەوان بوونە سیمبولی شکاندنی هێزە تاریک پەرستەکان و مانەوەی گەلەکەمان.
ساڵی نوێ لە هەمو لایەک پیرۆز بێت و، ئومێد دەکەین ساڵی تازه ببێتە ساڵی ئازادی یەکجارەکی لە هەموو بەشەکانی کوردستان، ساڵی کۆتایی هاتنی شەڕ و کاولکاری بێت، ساڵی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی ئازادی و ریزگرتنی مافی هاووڵاتیان بێت.
دهخوازین ساڵی نوێ، ساڵی ئاشتی و ئاشتەوایی و خێروخۆشی بێت، ساڵی كۆتایی هێنان بێت بە كێشە و گیروگرفت و دەردەسەریەكان، موژدەی دەسكەوتی باشتر و زیاتری پێبێت، ساڵی بەدیهێنانی گشت مافەكانی کوردستان بێت.
مەکتەبی سیاسی
پارتیی دیموکراتی کوردستان
31-12-2014




