هێمن هەورامی: ئەم پێكەوەبوونەمان لەگەڵ بەغدا دوایەمین چانسی پێكەوەهەڵكردنە
هەولێر-KDP.info- لە دواڕۆژی ساڵی 2014ـدا، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، (هێمن هەورامی) لە سمینارێكدا باسی لە رۆڵی كورد لە عێراقدا كرد و ئەم چوونەوەیەی كوردی بۆ بەغدا بە دواچانس ناو برد بۆ پێكەوەهەڵكردن لە عێراقێكی فیدراڵدا، ئەویش بە جێبەجێكردنی دەستوور و سەلماندنی دەستەڵاتدارانی بەغدا كە عێراقی فیدراڵ و كۆدەنگی لە بڕیاردان (تەوافوق) لە داهاتوودا.
ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پێوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، (هێمن هەورامی) لە سیمینارێكدا كە لەلایەن لیژنەی ناوچەی هیرانی پارتیی دیموكراتی كوردستان رێك خرابوو، باسی لەو گۆڕانكارییە جەوهەریانە كرد كە گەلی كوردی خستووەتە بەردەم دەرفەت و هەڕەشەوە، رووبەڕووبوونەوەی ئەم دەرفەت و هەڕەشانەیش ستراتیژییەتی یەكگرتووی نەتەوەیی پێویستە، هەر بۆیە لەم روانگەیەیشەوە (سەرۆك بارزانی) هەموو هەوڵێكی خستووەتە گەڕ بۆ یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان و قۆزتنەوەی دەرفەتەكان لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا.
(هێمن هەورامی) هەروەها باسی لە رۆڵی كوردی لە عێراقدا كرد و ئەم چوونەوەیەی كوردی بۆ بەغدا بە دواچانس ناو برد بۆ پێكەوەهەڵكردن لە عێراقێكی فیدراڵدا، ئەویش بە جێبەجێكردنی دەستوور و سەلماندنی دەستەڵاتدارانی بەغدا كە عێراقی فیدراڵ و كۆدەنگی لە بڕیاردان (تەوافوق) لە داهاتوودا.
(هەورامی) رایگەیاند: "تا ئێمە بەشێك بین لەو واقیعەی ئێستای عێراق، دەبێت ئامادەباش بین بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی هاوشێوەی داعش، چونكە گەر بە وردی بڕوانینە پەلاماری داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، لە ئانوساتێكدا بوو كە (سەرۆك بارزانی) ئامادەسازیی بۆ مافی چارەی خۆنووسین دەكرد و پەرلەمانی راسپاردبوو بۆ دامەزراندنی كۆمسیۆنی سەربەخۆ و ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەوا روون دەبێتەوە كە هێزێك هەیە نایەوێت گەلی كورد بڕیار لەسەر مافی چارەی خۆنووسین بدات". (هێمن هەورامی) سەبارەت بە هەڵوێستی ئەم دواییەی بەشێكی ناو پەكەكە و هەندێك لە قسەكەرانی باكوووی كوردستان رایگەیاند، ئەو دەنگانە گوزارشت لە دەنگی كوردستانیانی باكوور ناكەن، چونكە ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی دۆزی كورد لە باكوور دەزانن تەنیا 19%ـی كوردانی باكووریان لەگەڵن، بۆیە دەبێت رێز لە شكۆی كوردستانیان بگیرێت و لەملاو لەولا قسەی دژەكوردانە نەكەن.
سەنگەر هەورامی




