لە 2015ـدا تەنیا 2411کەس دادەمەزرێن

بەغدا ــkdp.info ــ بڕیاردەری لیژنەی دارایی له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق دەڵێت، پێویستە پشکی ھەرێمی کوردستان لە دامەزراندنەکانی ساڵی دادێ، 17% بێت، بەڵام لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا ئەو ڕێژەیە زۆر کەمتر دانراوە.
(ئەحمەدی حاجی ڕەشید)، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە پڕۆژەیاسای بوودجە گشتییەکەی ساڵی 2015ـی عێراقدا بەشی 53ھەزار دامەزراندن زیاتریش دانراوە، کەچی پشکی ھەرێمی کوردستان لەو ڕێژەیە هەر 2411 جێیە! خۆی هەقە پشکی ھەرێمی کوردستان لە دامەزراندنیشدا 17% بێت، جا بەو گوێرەیە 2411 جێ، هەر هیچ نییە؛ کورد لەو 53هەزار جێیە، هەر هی نەبێت، نۆهەزاری بەر دەکەوێت، بەڵام ئەو هەمووەیان لێ قرتاندووە و، کەس نازانێ بۆ کردوویانەتە 2411 جێ؟!"
بە گوێرەی پڕۆژەیاساکە، بوودجە گشتییەکەی ساڵی دادێ عێراق، 123ترلیۆن دینار دەبێت و، پشکی ھەرێمی کوردستانیش وەک جاریجاران سەدا حەڤدەکەیە؛ کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش پەسەندی کردووە و، ڕەوانەی پەرلەمانیشی کردووەتەوە؛ لە پەرلەمانیشدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و، وا بڕیارە حەفتەی دادێ، لە دەسپێکی دەسبەکاربوونەوەدا خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ بکرێت."
بڵند ئیبراھیم




