٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆك بارزانی: دڵنیام گەلی كوردستان بەو بەها باڵایانەی كە هەیەتی سەردەكەوێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر ــ  KDP.infoــ سه‌رۆك بارزانی به ‌بۆنه‌ی داهاتنی ساڵی تازه‌ی زایینییەوە، هیوای بەختەوەریی بۆ گشت خەڵکی كوردستان و دنیا ده‌خوازێت و، سوپاسی خۆڕاگریی تاك‌تاكی خەڵكی كوردستان و، هەموو ئەو ئازیزانەیش دەکات وا بە ئاوارەیی لە كەمپەكاندا دەژین.

ده‌قی پەیامەکەی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی داهاتنی ساڵی تازەی زایینییەوە:
 
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
هیوادارم ساڵی 2015 ساڵی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی بێت بۆ گشت هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و، هەموو مرۆڤایەتی. ئومێد دەكەم ساڵی نوێ ساڵی كۆتایهاتنی تیرۆر و نكۆڵیكاری و توندڕۆیی بێت و، چیتر شكۆ و كەرامەتی مرۆڤ پێشێل نەكرێت و، ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و، بەهای مرۆیی بەسەر شەڕانگێزی و ڕقدا سەر بكەوێ.
 
بە بۆنەی سەری ساڵی تازەوە هەزارن سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و، لە ڕۆحی بێگەردی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، ئازایانە گیانی خۆیان فیدای گەل و نیشتمان كرد. لەوە دڵنیام كە گەلی كوردستان بەو بەها باڵایانەی كە هەیەتی سەر دەكەوێت و، شكست و سەرشۆڕی بۆ دوژمنەکانی دەمێنێتەوە.
بە پێویستی دەزانم لەم بۆنەیەدا سوپاسی ئەو خۆڕاگرییەی تاك‌تاكی خەڵكی كوردستان و، هەموو ئەو ئازیزانەیش بکەین وا بە ئاوارەیی لە كەمپەكاندا ژیان بەسەر دەبەن؛ لە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا تەحەمولی قەیران و ناخۆشییەكانیان كرد و، پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە و، دامودەزگەی هەرێمی كوردستان بوون. پشت بە خوای مەزن و، گەلی كوردستان لە ساڵی تازەدا، هەموویان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
 
مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31ـی 12ـی 2014
 

هەواڵی پەیوەندیدار