٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەردەڕەش.. كەمپێكی 3 هەزار خێزانی بۆ ئاوارەكان كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەردەڕەش-KDP.info- قایمقامی قەزای بەردەڕەش دەڵێت، كەمپێكی وەها سەردەمی و ستانداردیان لە قەزاكە بۆ ئاوارەكان دروست كردووە كە 3 هەزار خێزانی ئاوارەی لێ نیشتەجێ دەكەن و لە ئێستاشدا 200 خێزان نیشتەجێ كران و پرۆسەكەیش بەردەوامی هەیە كە رۆژانە 40 خێزان لەنێو كەمپەكەدا نیشتەجێ دەبن.

قایمقامی قەزای بەردەڕەش (شێخ سەردار شێخ یەحیا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئاوارەیەكی زۆر لە قەزای بەردەڕەش هەن، بۆیە پێویستی كرد كە كەمپێكی گەورە بۆ ئەو ئاوارانە بكرێتەوە و لێی نیشتەجێ بكرێن، ئیدی ئەم پرسە بە یاخەوە وەرگیرا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی دەرچوواند كە، كەمپێكی 3000 خێزانی لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش كرایەوە، ئەو هەنگاوەیش لە ئێستادا كۆتایی پێ هات چونكە، كەمپەكە بە پرۆسەی تەندەر تەواو كرا و 55 رۆژی خایاند، ئەمڕۆیش بە رووی ئاوارەكاندا كرایەوە، لە دروستكردنی كەمپەكەیشدا حكوومەتی ناوەند هەماهەنگیی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
(شێخ سەردار) گوتیشی كە، لە ئێستادا ستافێكی ئیداریی باش بۆ بەڕێوەبردنی كەمپەكە دەستنیشان كراون و ئەو ستافەیش توانیویانە كە 200 خێزان لە نێو كەمپەكەدا نیشتەجێ بكەن، هەروەها رۆژانەیش 40 خێزانی ئاوارە لەنێو كەمپەكەدا نیشتەجێ دەكرێن.
(سەردار) دەڵێت، ئەم كەمپە وەها سەردەمی و ستانداردە كە لە نیمچە خانوویەك دەچێت و ئاوارەكانیش تێیدا ئاسوودەن و لەم هەنگاوەیش بارودۆخی ئاوارەكان بەرەو باشتر دەچێت و لە ساردیی ئەم زستانە پارێزراو دەبن.
نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار