داعش لە مووسڵ تووشی ئیبۆلا بوو.. مەترسیی گوازتنەوەی بۆ هاووڵاتیان لێ دەكرێت

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) ئاشكرای كرد، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستیان كەوتوون، تیرۆریستانی داعش تووشی نەخۆشیی ئیبۆلا هاتوون و مەترسیی گوزاتنەوەی ئەو نەخۆشییەیش بۆ هاووڵاتیانی مووسڵ هەیە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "زانیاریمان بە دەست گەییشتووە كە نەخۆشیی ئیبۆلا لە مووسڵ بڵاو بووەتەوە، ئەمەیش لەو كاتەدا دەركەوت كە پشكنین بۆ دوو تیرۆریستی داعش لە نەخۆشخانەی مووسڵ كراوە و لە ئامامی پشكنینەكەیش دەركەوتووە كە ئەو دوو تیرۆریستە تووشی نەخۆشیی ئیبۆلا بوون، هەروا ئەو نەخۆشییەیش لەوە تووشی داعش هاتووە كە تیرۆریستانی بیانی لە دەرەوە هاتوون بۆ ریزەكانیان و بەو هۆیەوە ئەوانی دیكەیشیان تووش كردوون.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، بە گوێرەی زانیارییەكان، نەخۆشییەكە لە نێو تیرۆریستانی داعش گوازراوەتەوە و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوامی هەبێت و هاووڵاتیانی مووسڵیش بگرێتەوە، كارەسات روو دەدات، چونكە بەو هۆیەوە هاووڵاتیان ناتوانن لە نێو مووسڵ هاتوچۆ بۆ هیچ شوێنێكی دیكە بكەن.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ ڕوونیشی كردەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان مۆڵگەكانی داعشیان لە ناوچەی وەحدە لە لای چەپی مووسڵ و مووسڵی نوێ و ناوچەی فارووق لەلای راستی مووسڵ بۆردوومان كردوون و لە ئاكامدا 42 تیرۆریستی داعش كوژراون.
جێی ئاماژەیە، ئیبۆلا نەخۆشییەكی كوشندەیە و نەخۆشییەكە سەرەتا لە وڵاتانی وەك سینگال، كینیا، لیبیریا و سیرالیۆن و ژمارەیەك وڵاتی دیكە سەری هەڵدا و بە گوێرەی راپۆرتە جیهانییەكان تووشبووانی ئەو نەخۆشییە 90%ـی گیان لە دەست دەدەن.
بڵند ئیبراهیم




