هەولێر و بەغدا لەسەر پاكتاوكردنی قەرزەكانی نێوانیان رێك كەوتن

هەولێر-KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ئەشواق جاف) رایگەیاند، شاندی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی لەسەر پاكتاوكردنی قەرزەكانی چەند ساڵی رابردووی نێوانیان رێككەوتنیان كرد.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ئەشواق جاف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا رێك كەوتوون كە بە هاوكاریی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان و بەغدا، قەرزەكانی هەردوو لا پاكتاو بكرێن و كۆتاییان پێ بهێندرێت.
زانیاریی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە بەغدا داوای 22 ملیار دینار قەرزی لە هەرێمی كوردستان كردبێت، بەڵام (ئەشواق جاف) دەڵێ، بە گوێرەی راپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بێت، هەرێمی كوردستان 21 تریلیۆن دینار قەرزاری ناوەندە، بەڵام ئێمەیش وەكو هەرێم پارەمان لای بەغدایە، بۆیە هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی دەتوانن ئەوە یەكلا بكەنەوە و هیچ كێشەیەك لەم رووەوە نییە.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەیشی خستە روو كە، "لە ساڵی 2007 تاوەكو 2013 بەغدا پارەی پێشمەرگەی نەداوە و قەرزارە و بودجەی 2014ـیشی بۆ كوردستان نەناردووە، خۆ ئەوەیش مافی ئێمەیە و دەبێ بدرێت".
یەحیا سابیر




