پێشمەرگە لە گوێڕ گورزێكی كوشندەی لە داعش وەشاند.. تیرۆریستانی لە جموجۆڵ خستن

گوێڕ-KDP.info- جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور و گوێڕ (ئاراس حەسۆ میرخان) ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكان هیچ هێرشێكیان نەكردووەتە سەر تیرۆریستان لە میحوەرەكەمان، بە هۆی ئەوەی كە تیرۆریستان هیچ جموجۆڵێكیان نەماوە و لە چەند رۆژی رابردوویشدا داعش دوو جار هێرشیان بۆ هێناین، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان بەرپەرچیان دانەوە و گورزێكی وەهایان لێ وەشاندن كە توانای هیچ جموجۆڵێكیان نەماوە و پەرتەوازە بوون".
بەرپرسی لقی 16-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان و جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور و گوێڕ (ئاراس حەسۆ میرخان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند، "لە دوای ئەو هێرشە خۆكوژییەی تیرۆریستانی داعش كە 3 رۆژ لەمەوبەر كردیانە سەر هێزی پێشمەرگە لە میحوەرەكەمان و لە ئاكامدا لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە تێك شكێندران و ژمارەیەكی باشیان لێ كوژران و، كەسیان رزگاریان نەبوو، لەم كاتەوە تا ئێستا هیچ جموجۆڵێكیان نەكردووە و توانای هێرشكردنیان نەماوە".
جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور و گوێڕ ڕاشیگەیاند، "ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكان هیچ هێرشێكیان نەكردووەتە سەر تیرۆریستان لە میحوەرەكەمان بە هۆی ئەوەی كە هیچ جموجۆڵێكیان نەماوە و لە چەند رۆژی رابردوودا تیرۆریستان دوو جار هێرشیان بۆ هیناین، بەڵام زۆر بە باشی پێشمەرگەكان بەرپەرچیان دانەوە و گورزێكی وەهایان لێ وەشاندن كە، توانای هیچ جموجۆڵیان نەماوە و پەرتەوازە بوون".
بەرپرسی لقی 16-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "هێزەكانی پێشمەرگە لە ئامادەباشییەكی تەواودان بۆ هەر جۆرە هێرشێك كە لەلایەن تیرۆریستانەوە بكرێت بۆ سەر ناوچەكە و لە ئێستایشدا بارودۆخی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی ئارامە و هەموو بەرەكانی جەنگ لەم میحوەرە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هیزی پێشمەرگەدان و بە بەردەوامی لە چاودێریكردنی بارودۆخەكەداین و سوپاس بۆ خوا بارودۆخەكە زۆر باشە لە ناوچەكەدا".
سەرباز واحید




