٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆبانی.. لەم مانگەدا 70 كوژراوی داعش هەبوون.. لە گشت هێرشەكاندا شەڕڤانان بە ئاگاداریی پێشمەرگە دەجوڵێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی  عەمید (شەوكەت مزووری) رایگەیاند، "لەم مانگەدا بە گوێرەی زانیارییەكانی ئێمە 70 تیرۆریستی داعش كوژراون. جەختیشی كردەوە كە، لە گشت هێرشێكدا شەڕڤانان بە ئاگاداریی پێشمەرگە دەجوڵێنەوە.

كۆبانی ئەو شارەی كە تا ئێستا پێشمەرگە و شەڕڤانان پێكەوە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش بەردەوامن و سەركەوتنی گرینگیان بەدەست هێناوە، لەوەتەی پێشمەرگە چوون بۆ ئەو شارە تیرۆریستانی داعش بە هیچ شێوەیەك نەیانتوانیوە پێشڕەوی بكەن، بگرە لە بەشی هەرەزۆری كۆبانی رایان كردووە و پێشمەرگە و شەڕڤان لە پێشڕەویدان. پێوەست بە دواڕووداوەكانی جەنگ لە كۆبانی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، شەوی رابردوو داعش ئامادەكاریی دەكرد لە قۆڵی رۆژهەڵاتی كۆبانی هێرش بكات، بەڵام هێزی پێشمەرگە بۆردوومانی كردن و هێرشەكەیان سەركەوتوو نەبوو و زیانی زۆریشیان پێ گەیەندرا، بەڵام قەبارەی زیانەكان نەزانراوە.

عەمید (شەوكەت) گوتیشی، هەر شەوی ربرادوو فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان مۆڵگەكانی داعشیان بۆردوومان كرد، بەڵام زیانەكان نەزانراون.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ رەوشی كۆبانی ئارامە و هیچ شەڕێك ڕووی نەداوە.
ئەو فەرماندەیە راشیگەیاند، ئەگەر هێرشێكی بەهێز بۆ سەر داعش بكرێت، لە ماوەیەكی كەمدا كۆبانی ئازاد دەكرێت، بەڵام شەڕڤانان نایانەوێت قوربانی بدەن، بەڵكە دەیانەوێت بە كەمترین زیان زۆرترین دەستكەوت بەدەست بێنن، چونكە شەڕی ماڵ بە ماڵە و داعش هەموو خانووەكانیشیان كون كردوونە و هەندێك ئەستەمە.
(مزووری) ڕوونیشی كردەوە، "هیچ ئامارێكی فەرمیمان لە بەردەستدا نییە، بەڵام دەزانین كە تەنیا لەم مانگەدا زیاتر لە70 تیرۆریستی داعش كوژراون".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "شەڕڤانان بە بێ هێزی پێشمەرگە هیچ هێرشێك ئەنجام نادەن و لە هەر هێرشێك ئێمەی لێ ئاگادار دەكەنەوە و بە ئاگاداریی پێشمەرگە دەجوڵێنەوە، بۆ ئەوەی تۆپخانەكانی ئێمە هاوكاریان بێت و مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان بكەن، خۆشبەختانە هەماهەنگییەكی زۆر باشیش لە نێوانماندا هەیە".
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار