ئەمڕۆ 200ملیار دینار دەدرێتە بەڵێندەران.. KDP.infoناوی بەنکەکان بڵاو دەکاتەوە

ھەولێر_ KDP.info _ دوێنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە زاری سەرۆکی یەکیەتیی بەڵێندەرانی کوردستانەوە بڵاوی کردبوویەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە حکوومەتی ھەرێمی كوردستان 250ملیار دینار دەداتە بەڵێندەران؛ لەو سۆنگەیەوە وەزارەتی دارایییش ئەم ئەمڕۆ لە ڕاگەیێندراوێکدا ھەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و، گوتوویەتی: "بە مەبەستی پێدانی پێشینەی بەڵێندەران و کۆمپانیاکان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بڕی 250ملیار دیناریان بۆ دابین بکات؛ هەر ئەم ئیمڕۆی حازرییەیش، بڕی 200ملیار دیناری دەدرێت بۆ بوودجەی وەبەرھێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان و، 50ملیار دینارەکەی تریشی دوای سەری ساڵی نوێ و، پاش دیراسەتکردن، دەدرێتە پڕۆژەکانی پترۆدۆلار و پڕۆژە ڕاستەوخۆکان."
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، کارەکە لە ڕێی ئەم بانکانەوە دەکرێت:
بانکی (چۆلی) لە سنووری پارێزگای ھەولێر؛
بانکی (ئاڵای ھەرێم) لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛
بانکی (گارە) لە سنووری پارێزگای دھۆک.
بڵند ئیبراھیم




