٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە هەندێک لە برینی شنگالییەکانی ساڕێژ کردوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  شنگالییەکان دەڵێن، سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، ناخۆشییەکانیانی بیر بردوونەتەوە. جەختیش دەکەنەوە کە، سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ چیای شنگال و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا، بە لای ئەوانەوە مێژوویییە و گشت شنگالییەک سوپاسی دەکات.

دوای ئۆپراسیۆنە مێژوویییەکەی پێشمەرگە کە لە دەڤەری شنگال و زوممار بەرپای کرد، شنگالییەکان دڵخۆشیی خۆیان رادەگەیەنن کە ئێستا گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
(سەیدۆ حوسێن ئەلتاتانی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ و خەڵکی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "پێشمەرگە توانی ناوچەکانی ئێمە رزگار بکاتەوە و، لە ئیستایشدا رۆژ لە دوای رۆژ پێشمەرگە لە سەرکەوتنی زیاتردایە؛ بەشێکی زۆر کەم لە نێو شنگال ماوە پێشمەرگە ئازادی بکات، ئەگینا تەواوی ناوچەکەی بۆ ئازاد کردووین، بۆیە من رۆڵی پێشمەرگە بە گرینگ دەزانم لە پاراستنی کوردانی ئێزدی و ئازادکردنەوەی شنگال و، پێشمەرگە جێگەی سوپاس و ئومێدی ئێمەن."


(سەیدۆ حوسێن) ئاماژەی بە رۆڵی (سەرۆک بارزانی) کرد کە بەڵێنی بە شنگالییەکان دابوو ناوچەکەیان بۆ ئازاد بکرێتەوە و، گوتی "(سەرۆک بارزانی) هەر زوو بەڵێنەکەی بەجێ گەیاند و دڵخۆشیی خستە نێو گشت خەڵکی شنگال، ئێمەش وەک خەڵکی شنگال پڕ بە دڵ سوپاسی (سەرۆک بارزانی) دەکەین."
لەبارەی هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە، (سەیدۆ) گوتی، "بە سوپاسەوە لە رێگەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، هەروەها دەزگای خیزخوازیی بارزانییەوە هاوکارییەکی یەکجار زۆر گەیشتووە بە کوردانی ئێزدی و بەردەوامیشن لە هاوکارییەکان کە گشت ئەو پێداویستیانەی لەخۆ گرتوون کە ئاوارەکان پێویستیان پێیە."

قایمقامی قەزای شنگال (مەیسەر حاجی صالح) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "پێشمەرگە رۆڵێکی کاریگەری لە دەڤەرەکە گێڕا، بەهۆی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەوە کوردانی ئێزدی بەشێکی ناخۆشییەکانیان بیر چووەوە و، جارێکی دیکە دڵخۆش بوونەوە، بەوەی کە پێشمەرگە لە ناوچەکەدا رۆڵێکی قارەمانانەی هەیە."
(مەیسەر حاجی) دەشڵێت، "شنگالییەکان گەڵێک دڵخۆش بوون بە تایبەت دوای هاتنی (سەرۆک بارزانی) بۆ سەر چیای شنگال و سەردانی (سەرۆک) بۆ مەزاری شەرفەددین و، سەرپەرشتیی راستەوخۆی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان لە ناوچەکەدا، کوردانی ئێزدی شانازی بە (سەرۆک بارزانی)ـیەوە دەکەن."


قایمقامی شنگال، باسیشی لە رۆڵی پارتیی دیموکراتی کوردستان و لقی 17ـی پارتی لە شنگال کرد کە، "هەم کاری پێشمەرگایەتی لەو دەڤەرەدا دەکەن، هەمیش هاوکاریی ئاوارەکان و یارمەتییەکانیان بۆ رێک دەخەن. هەروا من پێمگوتن کە بۆچی ئێوە وەک ستافی لق ناچنە ناحیەی سنوونێ کە ئازاد کراوە و لەوێدا دەوام بکەن، ئەوان لە وەڵامدا گوتیان کە ئێمە لەنێو خەڵکی خۆماندا دەبین و لە نزیکەوە خزمەتیان دەکەین، لە میحوەری شەڕدا دەمێنینەوە تا بە تەواوەتی ناوچەکە ئازاد دەکەین."


هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ماجید شنگالی) بە ماڵپەڕی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، "گەلێک شنگالی گەڕاونەتەوە نێو ماڵەکانیان و لە سایەی پێشمەرگەدا هەست بە ئەمان دەکەین، چونکە ئەو شنگالیانەی گەڕاونەتەوە، لە رووی ئەمنییەوە هیچ گرفتێکیان نییە، تەنیا خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا ماوە پیان بگاتەوە، ئەویش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە زوویی بۆیان دابین دەکرێت و خەڵکیش بەردەوامن لە گەڕانەوەیان."


(ماجید شنگالی) دەڵێ، هەموو شنگالییەکان سوپاسی (سەرۆک بارزانی) و پێشمەرگە دەکەن، سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) لە جەنگی دژ بە تیرۆر لە شنگال بۆ ئێمە مێژووە، چونکە (سەرۆک) هەموومانی بە موسوڵمان و مەسیحی و کاکەیی و ئایینزاکانی دیکەوە، لەژێر چەتری ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیدا کۆ کردووەتەوە، ئێمەش دەخوازین کە دەوڵەتی کوردی لەژێر سایەی سەرۆکدا دروست ببێت و ئومێدی زۆریشمان هەیە کە (سەرۆک) ئەو ئامانجە گەورەیە بە دی دەهێنێت."

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار