٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە و ئۆباما سەرکەوتن.. لە 2015 چی بەڕێوەیە؟

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی کە، ئیدارەی (باراک ئۆباما) بە هەماهەنگییەکی ستراتیژیانەی سەرکەوتوانە لەگەڵ هێزی پیشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا تۆمار کرد، بە شێوەیەک ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە رێگەی ئاسمان و، پێشمەرگە لە رێگەی زەوییەوە داعشیان تێک‌شکاند، بەڵام ئێدارەی (ئۆباما) لە بەرانبەردا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، نەیتوانی سەرکەوتنی وا بە دەست بێنێت و، ئەگەر سەرکەوتنیش هەبووبێت، ئیدی زۆر بە شێوەیەکی کەم بووە.

هاوکات ماڵپەڕی In Homeland Security نووسیویەتی، کاتێ ئۆباما پشووی سەری ساڵی تەواو دەبێت، سیاسەتێکی دیکەی نوێ بۆ لێدانی داعش دادەڕێژێ و پێڕۆێ دەکات.
دوو ڕۆژی دی ماڵاوایی لە ساڵی 2014 دەکەین، بەڵام سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆتایییان نەهاتووە و، گوێبیستی سەرکەوتنی دیکە دەبین.
ساڵی 2014 بە گوێرەی زۆرێک لە مێدیاکانی جیهان ساڵی سەرکەوتنی پێشمەرگە بوو، لە ئێستایشدا کە دوای دوو رۆژی دیکە دەچینە نێو ساڵی 2015ـوە، مێدیاکانی جیهان چیی بۆ ساڵی نوێ دەڵێن و، چیمان لە ساڵی 2014 بیر دەهێننەوە؟


ماڵپەڕی In Homeland Security لە ریپۆرتێکیدا نووسیویەتی کە، "ئێستا سەرۆکی وڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (باراک ئۆباما) لە ویلایەتی هاوای ئەمەریکا لە پشوودایە، بەڵام لە کاتی تەواوکردنی پشووەکەی و گەڕانەوەی بۆ سەرکار، کۆمەڵێک تەحددیاتی نوێ بەرۆکی دەگرن و، بەرەورووی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەبنەوە، کە زیاتر پێوەستن بە رۆژهەڵاتی ناوینەوە."
ماڵپەڕەکە دێتە سەر کارەکانی (ئۆباما) بۆ ئەوەی لەو تەحددییە نوێیانەی لە 2015 بەرۆکی دەگرن رزگاری ببێت، چەند بنەمایەکی کاری (ئۆباما) بۆ ساڵی 2015 دەخاتە ڕوو، لەوانە: لە بواری سەربازیدا، عێراقی بە شوێنی هۆشداری بۆ سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا زانیوە و، نووسیویەتی کە، "هەینیی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا رایگەیاند، 1000 سەربازی دیکەی ئەمەریکا لە مانگی داهاتوودا رەوانەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن، بە ئامانجی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هەروا مەشق و راهینانەکەیش 8 مانگ دەخایەنێت، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی ژەنەراڵ (جێمس تێری)  8 مانگ ماوەیەکی زۆر کەمە، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بتوانن وەک سوپایەکی تۆکمە رێک‌بخرێنەوە، بەڵکە پێویستیان بە 3 ساڵ هەیە کە سەربازەکانی ئەمەریکا مەشق و راهێنانیان پێ بکەن. رۆژنامەکە ئەم هەنگاوەی (ئۆباما)ـی بە یەکێک لە ئەجێندای کارەکانی داناوە کە لە 2015ـدا دەیەوێ تیرۆریستانی داعشی پێ لاواز بکات و، لە رێگەی مەشق و راهێنانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەوە تیرۆریستان لەنێو ببات. وەک ماڵپەڕەکە نووسیویەتی (ئۆباما) هەمیشە دەڵێ، "لە ستراتیژیەتی مندایە کە داعش بە تەواوی لەنێو بەرم."


ماڵپەڕەکە، ئاماژەیشی کردووە کە، ئەو کاتەی (سەرۆک ئۆباما) لە پشووەکەی دەگەڕێتەوە، پێویستی بە داڕشتنەوەی سیاسەتێکە؛ دەسپێکیش (کارتەر) لەجیاتی (هێگڵ) لە مانگی یەکی ساڵی 2015 وەک وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەستبەکار دەکات، ئەمەشی بە خاڵی وەرچەرخان داناوە کە، دەیەوێ بە ئەجێندایەکی نوێترەوە رووبەڕووی داعش ببێتەوە.

لە ریپۆرتەکەی ماڵپەڕی In Homeland Securityـدا هاتووە، لە 2014 و لە ماوەی رابردوودا، هێزی پێشمەرگە توانی رووبەرێکی بەرفراوان لە چنگی داعش لە خاکی هەرێمی کوردستان ڕزگار بکات و، بەسەر تیرۆریستانی داعشدا سەرکەوێ؛ پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا گەیشتنە سەر چیای شنگال، ئەڵبەت ئەمەریکا و هاوپەیمانانیشی لە ڕێی ئاسمانییەوە و بە فڕۆکەکانیان پشتیوانییان لە پێشمەرگە کرد.


ماڵپەڕەکە نموونە بە زانیارییەکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دێنێتەوە و لەو ریپۆرتەدا پشتی پێی بەستووە کە، باسی لەوە کردووە کە ئیدارەی (باراک ئۆباما) بە هەماهەنگییەکی ستراتیژیانەی سەرکەوتووانە لەگەڵ هێزی پیشمەرگەی کوردستاندا سەرکەوتنی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا تۆمار کرد، بە شێوەیەک ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە رێگەی ئاسمانی و، پێشمەرگەیش لە رێی زەویینییەوە داعشیان تێک‌شکاند، بەڵام ئێدارەی (ئۆباما) لە بەرانبەردا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق: (مەبەستی رۆژنامەکە کارکردنی ئەمەریکا لەگەڵ سوپای عێراقە)، نەیتوانی سەرکەوتنی وا بە دەست بهینێت و، ئەگەر سەرکەوتنیش هەبووبێت، بەرچاو نییە. 


لە ئێساتدا حکوومەتی عێراق دەیەوێت هۆزەکانی سوننە بخاتە چوارچێوەی وەزراتی بەرگریی عێراق و لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕیان پێ بکات، بە تایبەت کە سیناتۆری ئەمەریکا (جۆن مەک‌كەین) لەو رۆژانەدا لە عێراق بوو، رەزامەندیی دەربڕی کە 100 هەزار سوننە مەشق و راهێنانیان پێ بکرێت و لە دژی تیرۆریستانی داعش بجەنگن، ئەڵبەت ماڵپەڕی  In Homeland Security بە سەرسووڕمانەوە لەم کارەی سوننەکان دەڕوانێ بە تایبەت کە سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) پاڵپشتیی ئەو هەنگاوە دەکات و سوننەکان دەخاتە ریزی وەزارەتی بەرگرییەوە لە دژی داعش، بۆیە ماڵپەڕەکە پرسیارێک دەکات و دەڵێ سوننەکان لەلایەن حکوومەتی پێشووی عێراقەوە کە مەبەستی (مالیکی)ـیە، پەراوێز خرابوون و لەلایەن سوپای عێراقەوە گەلێک دژایەتییان دەکرا، ئەی بۆچی ئێستا سوننە دەچنەوە ژێرباڵی هەمان سوپا؟ ئایا ئەگەر سەرکەوتنی حکوومەتی عێراق بە بەشداریی سوننەکان بێت، ئەی بۆچی سوننەکان لە دژی تیرۆریستانی داعش خۆیان دەکەنە هۆکارێک بۆ سەرکەوتنی ئەو حکوومەتە؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن کە بەردەوام ماڵپەڕە جیهانییەکان وەڵامەکانیان بۆ ساڵی نوێ هەڵدەگرن.

شاو کوردی
 

هەواڵی پەیوەندیدار