٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داعش والیێكی نوێی بۆ مووسڵ دیاری كرد و سەركردەیەكی باڵایشی لێ كوژرا

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) رایگەیاند، دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا والیی مووسڵ كوژرا، داعش والییەكی نوێی بۆ ئەو پارێزگایە دەستنیشان كرد و هەر ئەمڕۆ سەركردیەكی باڵای داعش كە یەكێك بووە لەوانەی لە مانگی حوزیراندا رۆڵێكی بەرچاوی لە كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵدا هەبووە، كوژرا.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ داعش چوار كوڕی سەرۆكهۆزەكانی مووسڵی گوللەباران كردن و تەرمەكانیشی رەوانەی پزیشكی دادوەریی مووسڵ كردن.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو والیی مووسڵ بە ناوی (حەسەن سعوود خەلیل) كە ناسراوە بە (ئەبوتالوت) بە سەختی بریندار بوو، پاش دوو رۆژ بە هۆی سەختیی برینەكەیەوە مرد، ئەمڕۆیش (محەممەد حەسەن شەمەری) وەكو والیی نوێ لە شوێنی ئەو دەستنیشان كرا.

ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونیشی كردەوە، ئەمڕۆ بۆمبێكی چێندراو كە لە لایەن چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵەوە دانرابوو، بە ئۆتۆمبێلی سەركردەیەكی داعش بە ناوی (ئەبو ئەنەس عێراقی) لە نزیك دووڕێیانی جەرن لە باشووری مووسڵ تەقییەوە و لە ئاكامدا خۆی و دوو تیرۆریستی دیكە كوژران، كە ئەو سەركردەیە دەستی لە كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەبوو.
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار