٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ: پشتگیری لە نامە حەوتخاڵییەکەی سەرۆک بارزانی دەکەن.. هەنگاوێکی گرینگە بۆ چاکسازیی ریشەیی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  هەرسێ فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئێسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی، لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان بۆ نامە حەوتخاڵییەکەی (سەرۆک بارزانی) کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگەی کردووە راگەیاند. سێ فراکسیۆنەکە جەخت دەکەنەوە کە، جێبەجێکردنی ئەو ئەو نامە حەوتخاڵییە، هەنگاوێکی گرینکە بۆ حکوومەتی دامەزراوەیی و چاکسازیی ریشەیی لە سیستەمی حوکمڕانیدا.

(سەرۆک بارزانی) نامەیەکی حەوت خاڵی ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و تێیدا رایگەیاند "بە هیچ جۆرێک کاری ڕێکخستن و حزبایەتی لەناو وەزارەت ناکرێت و ئەو کەسەی بیەوێت لەناو وەزارەتدا حزبایەتی بکات با دەست لە کار بکێشێتەوە و، بگەڕێتەوە بۆ لای حزبەکەی خۆی." هاوکات دەڵێ، "پێویستە هەرچی زووتر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕێکوپێکی یەک‌بخرێتەوە و گۆڕانکاری لەو فەرماندەییانەدا بکرێت کە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا نەیانتوانیوە ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن و فەرماندەی تر کە چالاک بوون لە جێگەیان دابندرێن. جەختیش دەکاتەوە کە، کەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بکات".

ئەمڕۆ دووشەممەیش، هەرسێ فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان بۆ نامە حەوتخاڵیەکی (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند و، جێبەجێکردنی ئەو نامە حەوتخاڵییەیان بە هەنگاوێکی گرینگ زانی بۆ تۆکمەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ئاراستەی حکوومەتی دامەزراوەیی و ئەنجامدانی چاکسازیی ریشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی وڵاتدا.
   هەر لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە، پشتیوانی‌ خۆمان بۆ نامه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌باره‌ت به‌ یه‌كخستنه‌وه‌ و دروستكردنی‌ هێزێكی‌ چه‌كداری‌ پیشه‌یی‌ و حكومی‌ و قه‌ده‌غه‌كردنی‌ حزبایه‌تی‌ له‌ناو هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌رده‌بڕین".

سەبارەت بەو راگەیەندراوەی هەرسێ فراکسیۆنەکەیش، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان (ئەبوبەکر ھەڵدەنی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "بەرای ئێمە پێویستە لەم قۆناغەدا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێ و لە ماوەی رابردوویشدا ئەوە داواکاریی ئێمەیش بووە."

(ئەبوبەکر ھەڵدەنی) گوتیشی، "ئەو سێ لایەنە، ھێزی چەکدارمان نییە، بۆیە پێویستە زیاتر پشتوانی لەو بڕیارە بکەین و ھێز و لایەنەکانی دیکەش پشتوانی لەو بڕیارە بکەن."
زیاتر گوتی، "ئەو بڕیارەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەناو پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکاندا پێویستە پشتگیری لێ بکرێت، چونکە ئەمە لە قازانجی بەپیشەییکردنی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە. "

دەقی نامە حەوت‌خاڵییەکەی (سەرۆک بارزانی) بۆ وەزارەتی پێشمەرگە

بۆ/ وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
بابەت: ڕێنمایی

لەبەر ئەوەی کە وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتێکی گرینگە و ئەرکێکی قورس و پیرۆزی لەسەرشانە، بۆیە وەزارەتی هەموو گەلی کوردستانە. ئێستایش کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتێکی بنکەفراوانە، نەک پەنجا بە پەنجای نێوان دوو حزب، کەواتە دەبێ ڕەفتاری کارمەندانی وەزارەت ڕەفتارێکی نەتەوەیی بێت نەک حزبی.
بۆیە پێویستە زۆر بە وردی ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:
1. بە هیچ جۆرێک کاری ڕێکخستن و حزبایەتی لەناو وەزارەت ناکرێت و ئەو کەسەی بیەوێت لەناو وەزارەت حزبایەتی بکات با دەست  لە کار بکێشێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ لای حزبەکەی خۆی.
2. دابەشکردنی چەک و تەقەمەنی بەپێی پێویستیی بەرەکانی جەنگ دەبێت، نەک لەسەر بنەمای پەنجا بەپەنجای حزبی.
3. بوودجەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە، بە لیواکانی وەزارەت و هەردوو یەکەی 70 و80 شەوە، دەبێ لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دابەش بکرێت، نەک بە شێوازی پێشوو.
4. پێویستە هەرچی زووتر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕێکوپێکی یەک‌بخرێتەوە. بە شێوەیەک کە نابێ حزبایەتی تێدا بێت.
5. گۆڕانکاری لەو فەرماندەییانە بکرێت کە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا نەیانتوانیوە ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن و فەرماندەی تر کە چالاک بوون لە جێگەیان دابندرێن.
6. هەر کارمەندێک، لە هەر ئاست و پۆستێکدا بێت، ڕاپۆرت لەسەر ڕەوشی وەزارەت بداتە هەر حزبێک، سزا دەدرێت و دەدرێتە دادگای سەربازی.
7. هەر هێزێک لە دەرەوەی وەزارەت هەبێت بە نایاسایی دەژمێردرێت و کەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بکات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار