شوان شێخ ئەحمەد: پیویستە زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلەکەی پەرلەمان، بە ئەوانەی سەرۆكی پەرلەمانیشەوە وەربگیردرێنەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد (شوان شێخ ئەحمەد) رایگەیاند، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سێ ئۆتۆمبێلی لایە و پێویستە لێی وەربگیردرێنەوە و بدرێنە پەرلەمانتاران، چونكە ئەویش وەك ئێمە پەرلەمانتارە و تەنیا سەرپەرشتیی دانیشتنەكان دەكات. دەشڵێت، پەرلەمان زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی هەیە و پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ بەرژەوەندیی گشتیی بە كار بهێنرێن.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی زەرد (شوان شێخ ئەحمەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پێشتر ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران دەكڕدرا، بەڵام ئەم جارە ماوەیەكی زۆر بەسەر ئەم خولەی پەرلەماندا تێپەڕ بووە و لە چەند رۆژی رابردوویشدا سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ فڕاكسیۆنەكاندا كۆ بووەوە و رێككەوتن لەسەر ئەوەی لە مووچەی پەرلەمانتاران ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێت، بەڵام دوای ناڕەزاییی هاووڵاتیان ئەو بڕیارە هەڵوەشێندرایەوە و ئێمەیش پشتگیریی لێ دەكەین، چونكە خەڵك پێی ناڕازییە و ئێمەیش نوێنەری خەڵكین و پشتگیری لە رای خەڵك دەكەین".
(شوان شێخ ئەحمەد) ئاشکرایشی کرد کە، "لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێل هەن و، لە لایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمان و هەندێك پەرلەمانتار و راوێژكار و فەرمانبەرەوە بە كار دەهێندرێن، ئێمەیش داوامان كردووە لێیان وەربگیرێنەوە، چونكە سێ ئۆتۆمبێل لەلای سەرۆكی پەرلەمانە ئەویش وەكو ئێمە پەرلەمانتارە و تەنیا سەرپەرشتیی دانیشتەكان دەكات و پێویستە وەك ئێمە بێت و هیچ جیاوازییەك لە ئیمتیازاتەكاندا نەكرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی، "هەر كارێك یان ئەو پرسە بە یاسایی نەكرێت، دەچێتە خانەی گەندەڵییەوە؛ بۆیە پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلانە بفرۆشرێن یاخود بە شێوەیەك بكار بهێندرێن لە خەزمەت خەڵكدا بن، ئینجا برینداری پێشمەرگەی پێ چارە بكرێت یاخود هەر كارێكی دیكە بێت، بۆیە پێویستە ئەوانیش وەك پەرلەمانتاران بن و هیچ جیاوازییەك نەكرێت و هەمووان وەك یەك بن."
بڵند ئیبراهیم




