مانگی داهاتوو بودجە پەسەند دەكرێت.. پشكی هەرێم مانگانە بە جێگیری رەوانە دەكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامی لیژنەی دارایی و وەبەهێنان لە ئەنجوومەنی نووێنەرانی عێراق (نەجیبە نەجیب) دەڵێت، وەك ئەوەی بەرنامەڕێژیی بۆ كراوە، ئەگەر راپۆرتی لیژنەی دارایی زوو تەواو بكرێت، لە مانگی داهاتوودا بودجەی 2015 پەسند دەكرێت، هەروا لە مانگی داهاتوودا پشكی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەدا بە جێگیری رەوانە دەكرێت.
ئەندامی لیژنەی دارایی و وەبەهێنان لە ئەنجوومەنی نووێنەرانی عێراق (نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەی بودجە كرا، سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لیژنەی دارایی و لیژنە پێوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە راپۆرتی خۆیان لەسەر پرۆژەبودجە ئامادە بكەن، ئەگەر راپۆرتی لیژنەی دارایی و لیژنەكانی دیكە تا رۆژی 7-ی كانوونی دووەم واتا مانگی داهاتوو تەواو ببێت، ئەوا خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە دەكرێت و پەسەند دەكرێت، یان ئەگەری زۆرە لە مانگی داهاتوودا پڕۆژەكە پەسەند بكرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەبودجەی 2015-ی عێراقی پەسند كردووە كە 123 تریلیۆن دینارە.
ئەندامی لیژنەی دارایی و وەبەهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی كرد كە، 17%ی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق جێگیر كراوە و داواكارییەكانی كوردستان لە بەرچاو گیراون، بۆیە لەسەر پرۆژەبودجە زۆربەی لایەنەكان كۆكن و زوو پەسند دەكرێت.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیشی دا، لە مانگی داهاتوودا بە جێگیری مانگانە پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.
گوتیشی، تاوەكو بودجەیش پەسند دەكرێت، مانگانە تریلیۆنێك و 200 ملیار دینار بۆ هەرێم ڕەوانە دەكرێت كە بودجەكەیش پەسند كرا، پارەكە وەكو خۆی دەنێردرێت.
یەحیا سابیر




