كۆبانی.. پێشمەرگە پلانێكی داعشی تێكشکاند

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری) رایگەیاند، زانیاریی تەواویان هەبووە كە تیرۆریستانی داعش لە شوێنێك خەریكی كۆبوونەوەیەك بوون بە مەبەستی هێرشهێنان بۆ سەر پێشمەرگە و شەڕڤان، بەڵام لەو كاتەی تیرۆریستان ئەوان لە نێو كۆبوونەوەدا بوون، پێشمەرگە بۆردوومانی كردن، بۆیە پیلانەكەیانی شكت پێ برد و زیانی زۆری پێ گەیاندن.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، سەعات حەوتی بەیانیی ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی كۆبانی لە نزیك كانی عەرەبان كۆ بوونەوە تا پیلانگێڕی بۆ هێرشكردن بكەن، بەڵام هێزی پێشمەرگە زانیاری تەواوی هەبوو و، شوێنی كۆبوونەوەكەی دەستنیشان كرد و بۆردوومانی کردن، بۆیە زیانی زۆریان پێ گەیەندرا و پیلانەكەیشیان شكستی برد.
عەمید (شەوكەت) گوتیشی، ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان هیچ بۆردوومانێكیان نەكردووە و تەنیا لە ئاسمان دەسووڕانەوە.
زیاتر گوتی، داعش تووشی ڕووخان هاتووە و بەردەوام هەوڵی هێرشكردن دەدەن، بەڵام هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان هەر جارێك داعش پیلانیان دانابێت، پێیان زانیوە و بۆردوومانیان كردوون، بۆیە نەیانتوانیوە هێرش بكەن و شكستیان بردووە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی، ڕوونیشی كردەوە، "تێكڕای پێشمەرگەكانمان سەلامەتن و بە ورەیەكی بەرزەوە لە سەنگەرەكانی شەڕدان و تاكە ئاواتیشیان ئەوەیە كە كۆبانی رزگار بكەن".
دەشڵێت، "پێش دوو شەو داعش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی لە باشووری كۆبانی رەوانە كرد، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە نزیك ئێمە بۆردوومانمان كرد و تەقێندرایەوە".
ئەو هەروەها ئاماژەی دا، زیاتر لە 260خێزان گەڕاونەتەوە كۆبانی، بەڵام پێویستیان بە هاوكاری هەیە و بارودۆخیان باش نییە.
بڵند ئیبراهیم




