٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاوەڕوانی قوباد تاڵەبانین.. بێ ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکان، هیچ پڕۆژەیەک دەبارەی هەڵەبجە تێناپەڕێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێرــKDP.infoــ  بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە دەڵێت، پەرلەمانی كوردستان باسی لەوە كردووە هیچ پڕۆژەیەك لەبارەی هەڵەبجە تێناپەڕێنن، ئەگەر گشت لایەنەكان پێی ڕازی نەبن.

(فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەرسێ لامان، پارتیی دیموكراتی كوردستان و، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی، لەو چەند ڕۆژەدا بە فەرمی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمدا دانیشتووینە و، باسی رێککەوتنەکەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستانمان کردووە کە چۆن پۆستەكانی هەڵەبجەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش كردووە و، لایەنەكانی دیكەیان پشتگوێ خستووە."

(فازڵ بەشارەتی) گوتیشی: "سەرۆكی پەرلەمان پێی گوتوونە بەشی یاسا لە ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەیاساكەی هەڵەبجەی بۆ پەرلەمان ڕەوانە كردووە، بەڵام لێمان وەرنەگرتن؛ وەزیری ناوخۆیش گوتی ئێمە لەو کارە بێئاگاین. ئێستا چاوەڕێ دەکەن جێگری سەرۆكی حكوومەت لە ئەمەریكا بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و، لەگەڵیدا دانیشن، ئینجا وەڵامی ئێمەیش دەدەنەوە."

بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "ئێمە سوورین لەسەر ئەو ڕێككەوتنەی پێشتر كراوە و، ئەو دوو لایەنەكەی دیكەش سوورن لەسەر ڕێككەوتنەكەی خۆیان؛ ئەگەرچی هێشتا ڕێككەوتنەكەی خۆیانیان جێبەجێ نەكردووە."

خۆی پێكهاتەی ئەنجوومەنی پارێزگا هەتا نەکرێتە یاسا، ناتوانێت دەست بکات بە کار؛ دیارە پەرلەمانیش لێ ناگەڕێت بەو شێوەیە بڕوات و، ببێتە یاسا.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار