دوو بنكەی تەندروستی لە چیای شنگال كرانەوە

شنگال-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆك رایگەیاند، ئەمڕۆ دوو بنكەی تەندروستییان لەسەر چیای شنگال كردوونەتەوە كە بنكەیەكیان بۆ چارەسەركردنی ئاوارە جێماوەكانی سەر چیایە و ئەوی دكەیشیان بۆ چارەسەركردنی پێشمەرگە قارەمانەكانە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك (د. نزار عیسمەت)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك لە كاتی ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ شنگال هەر زوو توانیمان تێمێكی تەندروستی رەوانەی سەر چیای شنگال بكەین كە تەواوی پێداویستیی دەرمان و كەلەوپەلی تەندروستییان پێ بوو، مەبەستیش لەو تیمانە بۆ هاوكاریی هێزی پێشمەرگە و ئاوارەكانی جێماوی سەر چیای شنگال بوو".
(د. نزار) زیاتر گوتی، "لە ئێستادا بە پشتیوانیی پارێزگای دهۆك دوو كەرەڤانەمان لەسەر چیای شنگال داناون كە كردوومانن بە بنكەی تەندروستی و یەكێكیان بۆ هێزی پێشمەرگە و ئەوی دیكەیشیان بۆ ئاوارەكانی جێماوی سەر چیای شنگال دەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك دەشڵێت، ئەو دوو بنكە تەندورستییەی سەر چیای شنگال شەو و رۆژ بە كراوەیی دەمێنن و ژمارەیەكی دیكەیش لە ئۆتۆمبێلی ئەمبۆڵانس و هەندێ لە تیمی تەندروستییش بۆ ناوچەكە زیاد كراون.
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری كاروباری خۆپاراستن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك (د. سیروان محەممەد ئەسەوەد)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوتی، نزیكەی هەزار منداڵ لەسەر چیای شنگال هەن و پێویستیان بە چارەسەركردن و كوتان هەیە، بۆیە لە نزیكترین كاتدا گشت ئەو منداڵانەی پیویستیان بە كوتان هەیە، دەكوترێن تا تووشی نەخۆشی نەبن.
نەشوان بەرزنجی




