سوپاسالاری کوردستان: شوێنە ستراتیژییەكانی شنگال بە دەست پێشمەرگەوەن
شنگال-KDP.info- سوپاسالاری كوردستان فەریق (جەمال ئێمینكی) رایگەیاند، "هێزی پێشمەرگە لە شنگال شوێنە ستراتیژییەكانی بە دەستەوەن و تا ئێستایش ئەو هێرشانەی داعش بۆ سەر پێشمەرگەی هیناون، بەرپەرچ دراونەتەوە و گورزی گەورەمان لێ داون، بەڵام تا ئێستا ئێمە بە تەواوەتی هێرشمان بۆ نەبردوون".
سوپاسالاری كوردستان فەریق (جەمال ئێمینكی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، هێزی پێشمەرگە لە شنگال شوێنە ستراتیژییەكانی بە دەستەوەن و سەنگەرەكانی قایم كردوون و زۆر جار تیرۆریستان هەوڵی هێرشكردن دەدەن، بەڵام هێزی پێشمەرگە بەرپەرچیان دەدەنەوە و گورزی گەورەیان لێ دەوەشێنن و تێكیان دەشكێنن.
فەریق (جەمال) گوتیشی، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان هاوكاریی هێزی پێشمەرگە دەكەن و مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن.
ئەو ڕوونیشی كردەوە كە، شەڕی كۆڵان بە كۆڵان هەندێك سەختە و وەك شەڕی دەشتایی نییە، تیرۆریستانیش بە قەنناس و هاوەن هێزی پێشمەرگە بۆردوومان دەكەن و هێزی پێشمەرگەیش بە توندی بەرپەرچیان دەدەنەوە و زیاتر شەڕەكە بەم جۆرەیە.
سوپاسالاری كوردستان راشیگەیاند، تا ئێستا هێزی پێشمەرگە بە تەواوەتی هێرشی بۆئەو تیرۆریستانەی لە هەندێ شوێنی شنگال ماوون، نەبردووە، تەنیا لە هەندێك شوێن ئەگەر دەرفەت هەبێت كۆنتڕۆڵی دەكات، وەكوتر هێرشی نەكردووە.
ئەوەیشی خستە ڕوو، لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستان كوژراون، بەڵام ئامارێكی فەرمی لە بەردەستدا نییە.
بڵند ئیبراهیم




