فەرمانگەكانی سنونێ، دەستبەکار بوونەوە

شنگال-KDP.info-بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ ڕایگەیاند كە، ئەوان لە شارەدێیەكەیاندا دەستیان كردووەتەوە بە دەوامە ئاساییەکەی خۆیان و، خەڵکیش وا بەرەبەرە دەگەڕێنەوە.
(نایف سەیدۆ) بەڕێوەبەری شارەدێی سنونێ بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ یەكشەممە لە شارەدێی سنونێدا دەستمان كردووەتەوە بە دەوامە ئاساییەکەی خۆمان و، گشت فەرمانبەرانیشمان ئاگادار كردووەتەووە، با بێن دەوامی خۆیان بكەن."
(نایف سەیدۆ) گوتیشی: فەرمانگە خزمەتکەرەکانیشمان ئاگادار كردووەتەوە دەست بکەنەوە بە کاری خۆیان و، خزمەتی هاووڵاتیان بکەن؛ بڕیارە فەرمانبەرانی شارەوانی و فەرمانگەی كارەبا و فەرمانگەی ئاویش بگەڕێنەوە سەر کاری خۆیان."
بەڕێوەبەری شارەدێی سنونێ دەڵێت: "تیرۆرستانی داعش بە سەدان خانوویان ڕووخاندووە لە شارەدێی سنونێدا. ئاوەدانکردنەوەی شارەدێیەکەمان زۆری دەوێ و، فرەیشی پێ دەچێت؛ هەڵبەت (فەرهاد ئەتروشی) پارێزگاری دهۆك بەڵێنی داوە هاوكارییەکی چاکمان بکات و، لەوێوە موەلیدە و سووتەمەنیمان پێ دەگەیێنن."
شارەدێی سنونێ 25 کیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژئاوای شارۆچکەی شنگالەوە دوورە و، زۆربەی دانیشتووانەكەی كوردی ئێزدینە؛ پێشمەرگە لە 19ـی ئەم مانگەدا داعشیان لێ دەرکرد و، ئازادیان کردەوە.
نەشوان بەرزنجی




