وەزارەتی پێشمەرگە: هەواڵەکەی هەندێ میدیای عارەبانی بە درۆ خستەوە

ھەولێر ـــ KDP.info ـــ هەندێ میدیای عەرەبینووس ئەم بەیانییە کردبوویانە دەنگۆ گوایە داعش حەفتا پێشمەرگەی بە دیل گرتووە و، لە عێراقەوە بردوونی بۆ سووریا؛ ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەو هەواڵەی خستە درۆوە و، گوتی هیچ پێشمەرگەیەک نەگیراوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەی فەریق (جەبار یاوەر) ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومهتى هەرێمی كوردستاندا، هاتووە هەندێك كەناڵ و ماڵپەڕ و میدیا، هەواڵێكیان بڵاو كردووەتەوە گوایە ڕێكخراوە تیرۆریستییەکەی داعش، حەفتا پێشمەرگەی بە دیل گرتووە و، بەرەو شاری حەسەكەی سووریای بردوونە، بەڵام هەمووی دەنگۆی بێبنەمایە و "با گشت لایەك باش بزانن، ئەو هەواڵە درۆیە و، هیچ بنەمایەكی نیییە".
ئەمینداریی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە وەبیری هێنایەوە کە ئەوان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی مانگی رابردوویاندا كە لە هەولێر ساز درا، ئاماری شەهید و بریندارەكان و بێسەروشوێنەكانیان بڵاو کردوونەتەوە، هەربۆیە ئەوەی ئێستا مێدیاکان بڵاویان کردووەتەوە. دوورن لە ڕاستییەوە.




