پەرلەمان: هەندێک ئەم مەسەلەیەیان قۆستەوە.. ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران ناکڕێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بڕیاریان دا کە، پڕۆسەیەی کڕینی ئۆتۆمبێل بە قیست هەڵبوەشێنێتەوە؛ هەرچەند وەک دەڵێ، ئەو بڕیارەی داویانە هیچ بەهەدەردانێکی سامانی گشتی تێدا نەبووە.
لە بەیاننامەیەکیدا کە ئەمڕۆ دەرکراوە و وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لەژێر گوشاری ناڕەزایی بەرفروانی جەماوەریدا پێوەست بە بڕیاری کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەی قیست لەسەر مووچەکەیان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان داوە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان نایشیشارێتەوە کە، "هەندێک ئەم مەسەلەیەیان قۆستووەتەوە بۆ هێرشێکی ناڕەوا بۆ سەر پەرلەمانی کوردستان." بەڵام نەیدرکاندووە کە، ئەم هەندێکانە کێن و چ لایەنێکن.
پەرلەمان لەو بەیاننامەیەیدا هاوکات ڕوونی دەکاتەوە کە، "ئێمە کاتێک ئەم بڕیارەمان دا، بۆ کۆتاییهێنان بوو بەو عورفەی هەر ئەندامێکی پەرلەمان و وەزیر و ڕاوێژکارێک ئۆتۆمبێلی بۆ بکڕێت لەسەر حیسابی بوودجەی گشتی و، بۆ ئەوە بوو پارەی ئۆتۆمبێل و بەنزین و سیانەی لەسەر حیسابی ئەو کەسە بێت کە خۆی دەیکڕێت، نەک لەسەر حیسابی خەڵکی کوردستان و، ئەمەیش نەبێتە بەهەدەردانی سامانی گشتی."




