٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عێراقیش وەک هەرێم مووچەی پلەباڵاکانی کەم دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  بە بەمەستی چارەکردنی کورتهێنانەکەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتییەکەی ساڵی دادێی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دووترلیۆن دینار لە مووچەی فەرمانبەران کەم دەکاتەوە. پەرلەمانتارە کوردێک دەڵێت، ئەو بڕیارە ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.

(نەجیبە نەجیب) ئەندامی لیژنەی دارایی و، وەبەرھێنان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بە مەبەستی چارەکردنی کورتهێنانەکەی بوودجەی ساڵی دادێ، دووترلیۆن دینار لە فەرمانبەران دەبڕدرێت و، ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پلەوپایانە دیاری دەکا، کە دەشێ مووچەکەیان کەم بکرێتەوە."

(نەجیبە نەجیب) گوتیشی: "بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەیشتووە تەنیا مووچەی ئەوانە کەم دەکرێتەوە کە پلەیان لە بەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوە بێت، بۆ نموونە مووچەی پەرلەمانتاران و، وەزیران دەکرێتە نیوەی مووچەکەی جارانیان.'
ئەو پەرلەمانتارە گوتیسی: "ئەگەر نەوت هەروا هەرزان بێ، ئەو دووترلیۆن دینارە کەم دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر نەوت گران ببێتەوە، مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی عێراق هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە. هەرێمی کوردستان بۆ خۆی سەرپشکە؛ ئەو بڕیارە ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، ئاخر ھەرێمی کوردستان هەر لە سەروبەندی سەرهەڵدانی قەیرانە داراییەکەدا، مووچەی پلەباڵاکانی، کەم کردووەتەوە."

(نەجیبە نەجیب) ڕایشی‌گەیاند: "ئێمە وەکو لیژنەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەیاسای بوودجەوە، خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەینە، تا خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ بکرێت؛ وایش بڕیارە پەرلەمان حەفتەم ڕۆژی مانگی دادێ، خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکات."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار