٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دوو سەرکردەی دیکەی داعش کوژران.. ھاووڵاتیانی مووسڵ بە سەرکەوتنی پێشمەرگە خۆشحاڵن

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) رایگەیاند، دوو سەرکردە و ژمارەیەکی دیکەی تیرۆریستانی داعش کوژران.. هاوکات ئاشکرایکرد کە، ھاووڵاتیانی مووسڵ بە سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگە خۆشحاڵن.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (عیسمەت ڕەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمیری سەربازی داعش لە تەلەعفەر بەناوی (یاسر سەلمان عوبەیدی) لەگەڵ دوو چەکدار دیکە لەلایەن چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵ لەسەر ڕێی ناوچەی سەحاجی رۆژئاوای مووسڵ کوژران.

(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان بارەگای فەوجی فریاکەوتنی پۆلیسی ژمارە پێنج کە لەئێستادا داعش کردوویەتە سەربازگەی مەشق‌پێکردنی  چەکدارەکانی کە ناویان ناوە سەربازگەی کوڕی عەقیل ئەلحەمدانی بۆردوومان کردووە، لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆری چەکدار کوژراون و برینداربوونە.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ راشیگەیاند، داعش دەستی کردووە بە تەقاندنەوەی ماڵی ئەفسەر و پۆلیسەکانی پۆلیسی مووسڵ کە خۆیان خۆبەخش کردووە بۆ ھێزی رزگارکردنی مووسڵ.
زیاتر گوتی، ھەر ئەمڕۆ داعش لە ناحیەی حەمام عەلیل باشووری مووسڵ ماڵی ئەفسەرێکی پۆلیسی مووسڵیان بە ناوی موقەددەم (رەعد محەممەد) و براکەی تەقاندەوە.

(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، ھاووڵاتیان لە مووسڵ باس لە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە دەکەن لە ناوچەکانی شنگال، زوممار، رەبیعە، کەسک و زۆر پێی دڵخۆشن، بەڵام ناوێرن بەئاشکرا دەریبڕن.
(رەجەب) ئاماژەشی کرد، چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵ لە ناوچەی گۆگجەلیل ھێرشیان کردە سەر چەکدارانی داعش، لە ئاکامدا سەرکردەیەکی داعش بە ناوی (سەباح غالب جەنابی) کە ناسراوە بە (ئەبو مقداد) کوژرا.
بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار