گوێڕ.. پێشمەرگە 5 تەرمی بە تیرۆریستان جێ هێشت و، دوو هەمەریشی لێ سووتاندن

گوێڕ ــ KDP.info ـــ (ئاراس حەسۆ میرخان) جێگری سەرپەرشتیاری قۆڵی گوێڕ ــ مەخموور ڕایگەیاند کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە قۆڵی گوێڕ پێشمەرگە قارەمانەکان بەرپەرچی تیرۆریستانی داعشیان داوەتەوە؛ تیرۆریستان پێنج تەرمیان لێ بەجێ ماوە و، دوو هەمەریشیان سووتاوە."
(ئاراس حەسۆ میرخان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەعات چواری ئێوارە تیرۆریستانی داعش لە قۆڵی گوێڕ لە نزیک ناوچەی سوڵتان عەبدوڵڵا و وادی غەرام، ھێرشیان بۆ هێزی پیشمەرگەی کوردستان هێنا، بەڵام ھەر زوو ھێزی پێشمەرگە لێیان هاتنە دەست و، تێکیان شکاندنەوە و، زیانی زۆریشیان پێ گەیاندن."
(ئاراس حەسۆ میرخان) گوتیشی: "لەو ھێرشەدا دوو هەمەری داعش سووتێندران و، پێنج تەرمیشیان کەوەتە دەست ھێزی پێشمەرگە. هەڵبەت داعش کوژراویان گەلێک زۆر بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی شەومان بەسەردا داهات، نەمانزانی چەندن."
جێگری سەرپەرشتیاری قۆڵی گوێڕ ــ مەخموور ڕونیشی کردەوە کە جارێ شەڕەکە دامرکاوەتەوە،
و ڕەوشەکە ئارام بووەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە ئەو شوێنەی ئەمڕۆ پێشمەرگە لەوێ بەرپەرچی تیرۆریستانی داعشی داوەتەوە، لە گوێڕ و مەخموور گەلێک دوورە و، نزیک شارۆچکەی گەیارەی مووسڵە.
بڵند ئیبراھیم




