با لە قەرزی پێشمەرگە خۆش ببین

هەولێر ـ KDP.info ـــ (سیروان گەردی) ڕێکخەری کەمپینی 'با لە قەرزی پێشمەرگە خۆش بین'، ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە لە پێشینەکان ببەخشرێت زیاتر لە دەھەزار واژۆمان کۆ کردووەتەوە."
(سیروان گەردی) ڕێکخەری کەمپینی با پێشمەرگە لە پێشینەکان ببەخشرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە کەمپینێکمان ڕاگەیاندووە کە ماوەی دوو مانگە و سەردانی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکانی ھەرێمی کوردستانمان کردووە بۆ ئەوەی پێشمەرگە لە پێشینەکان ببەخشرێن و، خۆشبەختانە ئێستا ئەو پڕۆژەیاسایە لە پەرلەمانی کوردستاندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و، سەرجەم فراکسیۆنەکانیش پاڵپشتی دەکەن لەو پڕۆژەیاسایە."
(سیروان گەردی) گوتیشی: "ئێستا چاوەڕێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی ھەرکاتێک ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت، جێبەجێ بکرێت."
ڕێکخەری ئەو کەمپینە ڕوونیشی کردەوە: "ئەو کەمپینە زیاتر لە دەھەزار واژۆی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان کۆ کردووەتەوە و، هەتا سەریش نەگرێ، واز ناهێنن."
بڵند ئیبراھیم




