٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بارزانی: نابێ هیچ دەوڵەت یان لایەنێک تیرۆر و تیرۆریستان وەک کارت بەکار بهێنێت.. مەک‌کەین: هاتووم لە نزیکەوە گوێت لێ بگرم

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سیناتۆر (جۆن مەک‌کەین) ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئاگادارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی لە بەرەکانی شەڕە، بۆیە هاتووە لە نزیکەوە گوێ لە بۆچوون و سەرنجەکانی بگرێت سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسی و سەربازیی بەرەکانی شەڕ و پێداویستییەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا. هاوکات (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند: هەروەها (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند: "دەبێ دەوڵەتان هەماهەنگییان هەبێ و لە قووڵاییی مەترسییەکە تێ‌بگەن و، نابێ هیچ دەوڵەت یان لایەنێک تیرۆر و تیرۆریستان وەک کارت بەکار بهێنێت و یاریی بەو کارتەوە بکات، چونکە تیرۆر ئاگرێکە هەمووان پێکەوە دەسووتێنێت."

ئەمڕۆ شەممە لە شاری هەولێر، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە سیناتۆری كۆماریخوازه‌كانی ئەمەریکا(جۆن مه‌ك‌كه‌ین) و شاندێكی یاوەری كرد كە پێك‌هاتبوون لە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر(جۆزێف پینینگتۆن) و ژمارەیەک ڕاوێژکار و ئەفسەری سوپای ئەمەریکا و لەگەڵیاندا كۆ بووەوە.
له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا کە بە ئامادەبوونی هەریەک لە ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم(مەسروور بارزانی) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەید قادر) و وەزیری ناوخۆ(کەریم شنگالی) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەروەی هەرێم(فەلاح مستەفا)، بەڕێوە چوو، سەرەتا (جۆن مه‌ك‌كه‌ین) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێم ڕاگەیاند و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی (سەرۆک بارزانی) و هەرێمی کوردستان، لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا نیشان دا و، ڕایگەیاند، کە دەیەوێ پرسە و سەرەخۆشیی خۆی پێشکەش بە (سەرۆک بارزانی) و گەلی کوردستان بکات بۆ شەهیدبوونی ئەو پیاوە ئازایانەی پێشمەرگە کە لەم شەڕەدا گیانی خۆیان بەخت کردووە.

هەروەها (جۆن مەک‌کەین) خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستپێکردنی سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نیشان دا.
هەر لە دیدارەکەدا (مه‌ك‌كه‌ین) ڕایگەیاند کە لەبەر ئەوەی ئاگادارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی لە بەرەکانی شەڕە، بۆیە هاتووە لە نزیکەوە گوێ لە بۆچوون و سەرنجەکانی (سەرۆک بارزانی) بگرێت سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسی و سەربازیی بەرەکانی شەڕ و پێداویستییەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا. جەختیشی کردەوە کە گەل و حکوومەتی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە هاوکاریی و پشتیوانییان بۆ هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی لەمیژینەی نێوان هەردوو گەلی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەمەریکا و دۆستان و هێزی هاوپەیمانانی کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی هەرێمی کوردستان بوون.
دواتر (سەرۆک بارزانی) هۆکارەکانی پەیدابوون و گەشەکردنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کەوتنی مووسڵ و پەلاماردانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیرۆریستانی بۆ شاندی میوان شیی کردەوە.
سەبارەت بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەکانی شەڕ، (سەرۆک بارزانی) ئاماژەی دا کە، پێشمەرگە سەرکەوتنی زۆر گەورەی تۆمار کردووە و گورزی کەمەرشکێنیان لە تیرۆریستان داوە.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، (سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بە هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر جیهان کرد و ڕایگەیاند: "تیرۆر هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر هەموو گەل و نەتەوە و دەوڵەتان و هەموولایەکیشی کردووەتە ئامانج، ئەو تیرۆریستانەش کە هاتوونەتە ڕیزی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ڕەگەزنامەی جۆراوجۆریان هەیە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەشیان پێویستی بە هەماهەنگی و هەوڵی هەمەلایەنەی دەوڵەتان هەیە و پێویستە لەپاڵ ڕێکاری سەربازی، لە ڕووی فکری و وشککردنی سەرچاوەی دارایی و ڕێگرتن لە پەیوەندییکردنی تیرۆریستان، دژایەتیی ئەو تیرۆریستانە بکرێت."
هەروەها (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند: "دەبێ دەوڵەتان هەماهەنگییان هەبێ و لە قووڵاییی مەترسییەکە تێ‌بگەن و، نابێ هیچ دەوڵەت یان لایەنێک تیرۆر و تیرۆریستان وەک کارت بەکار بهێنێت و یاریی بەو کارتەوە بکات، چونکە تیرۆر ئاگرێکە هەمووان پێکەوە دەسووتێنێت."
هەر لە قسەکانیدا (سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بە ڕەوشی شاری کۆبانێ کرد و سوپاسی ئەمەریکای کرد کە بە لێدانی تیرۆریستان، پشتیوانیی لە پێشمەرگە و شەڕڤانانی ئەوشارە دەکات.
باسکردنی چۆنییەتیی هەماهەنگیی زیاتری پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و بارودۆخی شاری مووسڵ ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و ناوچەکە، تەورەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو.
 

هەواڵی پەیوەندیدار