خەڵکی خورماتوو داوی دەرکردنی میلیشیا شیعەکان دەکەن

خورماتوو ــ KDP.info ـــ بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ڕائید (فارووق ئەحمەد) ڕایگەیاند: "خەڵکی خورماتوو، ھێرشیان کردە سەر میلیشیا چەکدارە شیعەکان و، داوایان کرد کە میلیشیا شیعەکان دەربکرێن با کوشتن و ڕفاندن نەمێنێت."
بەڕێوەبەری ئاساییشی خۆماتوو ڕائید (فارووق ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ مەلایەکی کورد کوژرا و، خەڵک شکیان لە میلیشیا شیعەکانە، هەر بۆیە ئەم ئێوارەیە، لە بازگەکەی خورماتوودا خەڵک پەلاماری دوو ئۆتۆمبێلی میلیشیا شیعەکانیان داوە و، بووەتە شەڕیان. بە داخەوە چەند کەسێک بە سووکی بریندار بوونە، بەڵام شوکر کەس نەکوژراوە."
گوتیشی: "خەڵکی ئەو شارە داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، شاندێک ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی میلیشیا شیعەکان لە خورماتوو دەربکرێن و، ئەو کوشتن و ڕفاندنە بنەبڕ بکرێت."
ئەو بەرپرسەی ئاساییشی خورماتوو ڕوونیشی کردەوە کە فەرماندەی لیوای ھێزی پێشمەرگە ھاتە دەم ئەو ھاوڵاتیانەوە و، بەڵێنی پێ داون کە خۆیان ئەو کێشەیە چارە دەکەن؛ ڕاستە ناوچەکە جارێ ئارامە، بەڵام پشکۆی بن ئاگرە."
بڵند ئیبراھیم




