بڵێی مەککەین بلیتی چەکی قورسی پێ بێ بۆ پێشمەرگە؟

هەولێرـــKDP.infoـــ (جۆن مەککەین) گەورەسیناتۆری ئەمەریکایی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر؛ ئەگەرچی کەمێک لەمەوبەر لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)ـدا کۆ بوونەتەوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ زانیاریێک پێوەست بە کۆبوونەوەیان ڕانەگەیەنراوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی دوو پەرلەمانتاری خۆمان، پرسی پێدانی چەک بە هێزی پێشمەرگە لە بەرنامەی (مەکكەین)ـدایە و، لەم سەردانەیدا هەوڵی بۆ دەدات.
مەککەین مەکینەی سوننەکانی لە بەغدا خستە گەڕ
(جۆن مەککەین) لە بەغدا لە میانی دیداری لەگەڵ سوننەکانی عێراق پڕچەککردنی سەدهەزار سوننەی تاوتوێ کردووە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا، هەتا شێوەیەکی یاساییی پێ بدرێت و، هۆزەکانی سوننە پڕچەک بکرێن، ئینجا بخرێنە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە، یان هەر هیچ نەبێت حکوومەت یاسایەکیان بۆ ڕێک بخات. (جۆن مەککەین) سیاسەتمەداری گەورە و، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە میانی سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر.
(مەککەین) کە قۆناغی یەکەمی سەردانەکەی، بەغدا بوو، لەوێدا بۆمبێکی دەمداری دیکەی خستە نێو گۆڕەپانی سیاسەتی عێراقەوە، بە تایبەت پرسی پڕچەککردنی سەدهەزار سوننەی عێراقی، بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانی داعش.
ئەگەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە ئەمریکا پشتگیری سوننەکان بکات و سەدهەزار سوننەی عێراقی پڕچەک بکرێن کاردانەوەکان چی دەبێت؟ بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە لەنێوان شیعە و سوننە چ گۆڕانکارییەک دێنێتە ئاراوە؟ لە یەکەم هەنگاودا هەندێ زانیاری وا لە نێو سوننەکانی عێراق دزەیان پێ کراوە کە، ئەم هەنگاوەی سوننە و، پڕچەککردنیان دەبێتە هۆکارێک بۆ هەڵسانەوەی پێگەی سوننە کە هەندێ وڵاتیش پشتگیرییان دەکەن، لەوانە ئەمریکا، عەربستان، تورکیا، ئوردەن و قەتەر؛ خۆی ئەو کارەیش بۆ ئەوەیە هێزە سەربازییەکانی ناو عێراق هاوسەنگ بکرێن. بێجگە لەوەیش ڕێگاکە خۆش بکەن هەرێمێکی سوننەیش دابمەزرێت، ئەو هەرێمەی وا سوننەکان دەمێکە داوای دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، (سەلیم جبووری) سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە (جۆن مەککەین) کردووە کە وێڕای پاڵپشتی ئەمریکا لە پڕچەککردنی سەدهەزار سوننە، هەروەها پێی گوتووە کە، پێویستە (مەککەین) ڕۆڵ بگیڕێت لە باوەڕهێنانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی سەدهەزار سوننە بخرێنە مەشق و ڕاهێنانەوە تا بە تەواوی وەک سوپایەکی تۆکمە و ئامادەکراو لە دژی تیرۆریستانی داعش ڕێک بخرێنەوە.
سوننەکان کە لە هەندێک پاریزگای وەک نەینەوا و ئەنبار و سەلاحەدین و دیالە و بەغدا دەستیان زۆر دەڕوات، دەیانەوێ وەک هەڵسانەوەیەک لە عێراق کارتێکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەکار بهێنن بۆ ئەوەی پڕچەک بکرێن، بەشکەم بتوانن بە قسەی خۆش بووبێ یان بە زۆر، هەرێمێکی سوننە بۆ خۆیان دابمەزرێنن. بە گوێرەی ئاماری نافەرمی، دەملیۆن عێراقی سوننەمەزەبن.
(وحدە جەمیلی) ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە گوێرای زانیاریی ماڵپەڕی کتابات، ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردووەتەوە کە سەرۆکی (سەلیم جبووری) و (جۆن مەککەین) باسی پڕچەککردنی ئەو سەدهەزار سوننەمەزەبەیان کردووە.
جگە لە (سەلیم جبوری)، کۆمەڵێک ئێڵوەر (سەرۆکهۆز)ی هۆزە گەورەکانی ئەنبار و نەینەوا و کەرکووک و دیالە و سەلاحەدینیش، چاویان بە مەککەین کەوتووە.
بە گوێرەی زانیاری، (جۆن مەککەین) پڕچەککردنی ئەو سەدهەزار کەسەی زۆر پێ باشە و، بەرپرسانی دیکەی ئەمریکایشی لێ ئاگادار دەکاتەوە، بۆ ئەوەی سوننەکانی عێراق بە تایبەت هۆزەکانی سوننە پڕچەک بکرێن و، شێوەیەکی یاساییش وەربگرن.
ڕۆژنامەی 'حەیات'ـی چاپی لەندەنیش دەمێکە گوتوویەتی کە، ئەمریکا بەڵێنی پڕچەککردنی بە سوننەکانی عێراق داوە.
لە هەولێر چی لە مەککەین چاوەڕوان دەکرێت؟
کاتێ ناوی (مەککەین) دێت پرسی چەک دێتە سەر مێزی گفتوگۆ، چونکە وێڕای ئەوەی کە خۆی دەرچووی ئەکادیمیای سەربازیدەریاییە، هاوکات لە پرسی چەکدا کۆمارییەکان پرس و ڕاوێژی پێ دەکەن.
دیارە ئیدارەی ئەمەریکا بڕیارێکی یەکجارەکیی داوە، مەشق بە 3 لیوای هێزی پێشمەرگە دابدات؛ سێ لیواکە دەکاتە نزیکەی سیهەزار پیشمەرگە. بەڵام لەوە گرنگتر پرسی چەکی قورسە و، هەرێمی کوردستان داوای لە ئەمەریکا کردووە چەکی قورسە بداتە هێزی پێشمەرگە؛ ئەو هێزەی کە توانیی تیرۆریستانی داعش بشکێنێت. بڵێی (جۆن مەککەین) کە لە هەولێرەوە چوویەوە بۆ ئەمریکا، بتوانێ قەناعەت بە سەرکردە باڵاکانی دیکەی پارتیی کۆماری بهینێت کە، پێویستە بە پەلە چەکی قورس بدرێتە پێشمەرگە؟ (جۆن مەککەین) بەوەوە بەناوبانگە کە چووبێتە هەر وڵاتێک بۆ پشتگیری، بلیتی چەکیشی لە گیرفاندا بووە، بڵێی بلیتی چەکی قورسیشی پێ بێ بۆ پێشمەرگە؟
خۆی (جۆن مەککەین) ڕەخنەی لە (باراک ئۆباما)ـی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گرتووە کە، وەک پێویست هاوکاریی پێشمەرگەی نەکردووە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا. جا پرسیار ئەوەیە (مەککەین) چی پێیە بۆ پیشمەرگە؟
دەربارەی ئەو سەردانەی (مەککەین) بۆ هەولێر، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھاتنی ھەر بەرپرسێکی ئەمەریکا بۆ ھەرێمی کوردستان واتە پشتگیریکردنی ھەرێم، بە تایبەت ئا لەم کاتەی ئێستادا، چونکە ھەرێمی کوردستان لە شەڕی ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی وەکو داعشدایە، بۆیە ئەو جۆرە سەردانانە گرینگی خۆی ھەیە."
(شاخەوان عەبدوڵا) گوتیشی: "ئەمەریکا ئێستا لە ئاسمانەوە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی داعش و، دەیەوێت بەردەوام ئاگاداری دۆخەکە بێت. ئێستایش وا خەریکە گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان پڕچەک بکات و، وا دیارە تا ماوەیەکی دی، ئەو کارە یەکلایی دەبێتەوە."
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ڕوونیشی کردەوە، من خۆشم پڕۆژەیاسایەکم ئامادە کردووە و، سەرتای ساڵی نوێ ئاراستەی پەرلەمانی دەکەم کە لە کاتی تەنگانە حکوومەت ناچار بێت ھەرێمەکان پڕچەک بکات، وەکو چۆن پێویستە وەزارەتی بەرگری مووچەی ھێزی پێشمەرگە بدات، بە ھەمان شێوە پڕچەکیشی بکات؛ وا خەریکم کار لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە دەکەم، ئەوەندەیشی نەماوە تەواوی بکەم و، بیدەمە پەرلەمان."
(نازم ھەرکی) جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و، ئاسایشی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ھاتنی بەرپەسە گەورەکانی وڵاتە زلهێزەکان بۆ ھەرێمی کوردستان نیشانەی گرینگیدانە؛ ئەوەتا ھەرێم لە جیاتی ھەموو جیهان شەڕی ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەکات و، ئەمەش بەبێ چەک ناکرێت."
(نازم ھەرکی) گوتیشی ڕاستە ئێستا ھاوپەیمانیەتییەکی نێودەوڵەتی پێک ھێندراوە بۆ لێدانی داعش، بەڵام خۆی ئەوە هەرێمی کوردستانە ڕۆڵە سەرەکییەکە دەگێڕێت و، ئەوان هەر لە ئاسمانەوە اهوکاریی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
(ھەرکی) ڕوونیشی کردەوە کە ھاتنی کەسایەتیەکی وەکو (جۆن مەککەین) بۆ ئەوەیە میکانیزمێک دابنرێت بۆ پڕچەککردنی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش گرنگییەکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە. خۆی ئێستا پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆر بەھێزە، ھەر بۆیە ئەو ھەموو وڵاتە بەو شێوەیە گرینگی بە ھەرێمی کوردستان دەدەن."
پرۆفایل
- (جۆن مەککین) ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکایە و لە ساڵی 1936 لەدایک بووە.
- لە پشکی هەرێمی ئەریزۆنا سیناتۆرە و، لە پارتیی کۆمارییەکانە.
- لە ساڵی 1954 ئەکادیمیای دەریایی تەواو کردووە و لەو بوارەیشدا تا 1981 خزمەتی بە وڵاتەکەی کردووە.
- لە ساڵی 1960 بووەتە فڕۆکەوانی دەریایی لە بواری سەربازیدا.
- لە 1967 وەک فڕۆکەوانێکی جەنگی بەشداریی جەنگی وڵاتەکەی لە ڤێتنام کردووە.
- لە ساڵی 1982 بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا.
- لە ساڵی 1986 وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا هەڵبژێردراوە.
- لە ساڵی 2008 بۆ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاندید بوو.
بڵند ئیبراهیم




