٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لێدوانەکانی (بایک و دەمیرتاش)ـیان سەرکۆنە کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لێدوانەکانی (جەمیل بایک و سەڵاحەدین دەمیرتاش) ڕایانگەیاند، لەگەڵ هیچ جۆرە لێدوانێكدا نین، كە بە قازانجی ئەو قۆناخەی كورد نەبێت، چونكە "زیان بە یەكڕیزیی گەلی كورد دەگەیەنێت و هەر جۆرە لێدوانێكی لەو جۆرە نیگەرانمان دەكات و لە گەڵیدا نین''.

ئەو لایەنانەی کە ئەمڕۆ لە هەولێر کۆ بوونەوە، نوێنەرایەتیی 60 لایەنی سیاسی لە هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەوان كۆمیتەیەكی 16 كەسیان پێك‌هێناوە و هەر جارە و لەسەر پرسێكی ڕۆژەڤی كوردستان كۆ دەبنەوە.

كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لە بارەگای پارتیی دیموكراتی كوردستان رێك‌خست و دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەیان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان رێك‌خست و رایانگەیاند، ''دەستخۆشی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دەكەین، سەركەوتنی پێشمەرگە لە شنگال شانازییە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان، هەروەها دەبێتە هەوێنی سەركەوتن لە بەرەكانی دیكە لە شەڕی داعش، سوپاسی هەڵوێستی (بارزانی) دەكەین، كە بە درێژایی ماوەكانی رابردوو سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕی كردووەو ناوچەیەكی فراوانی لە دەستی چەكدارانی داعش دەرهێناوە''.

سەبارەت بە لێدوانەكانی (سەڵاحەددین دەمیرتاش و جەمیل بایك)، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان رایانگەیاند، کە ئەوان لەگەڵ هیچ جۆرە لێدوانێكدا نین، كە بە قازانجی ئەو قۆناخەی كورد نەبێت، چونكە "زیان بە یەكڕیزی گەلی كورد دەگەیەنێت و هەر جۆرە لێدوانێكی لەو جۆرە نیگەرانمان دەكات و لە گەڵیدا نین''.

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرەكەدا، (غەفوور مەخمووری) ئەندامی كۆمیتەی لایەنە سیاسییەكان و سکرتێری یەکیەتیی نەتەوەیی کوردستان رایگەیاند، ''ئێمە نوێنەرایەتیی حیزبەكانمان ناكەین، بەڵكو نوێنەرایەتیی لێكدانەوە و بۆچوونی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەین، ئەگەر نوێنەری چەند لایەنێك لێرە ئامادە نەبێت، مانای ئەوە نییە ئەوان لەگەڵ راگەیەندراوی كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی لایەنە سیاسییەكان نین''.

كۆمیتەی لایەنە سیاسییەكان داوای قەرەبووكردنەوەی خەڵكی شنگالیان و هەوڵدان بۆ هەرچی زوو رزگاركردنی ناوچەكانیان کرد و پیرۆزباییان لە خەڵكی ئەو دەڤەرە كرد، بەهۆی رزگاركردنی بەشێك لەو ناوچانەی پێشتر داعش دەستی بەسەردا گرتبوو.
هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامیی داكۆكیكردنی له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیان كرده‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانی به‌رێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیشیان له‌ یه‌كخستنی نێو ماڵی كوردی و ده‌ستكه‌وته‌كانی پێشمه‌كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆك بارزانی له‌ رزگاركردنی ناوچه‌كانی زوممار و سنوون و ره‌بیعه‌ و شنگالیان به‌رز نرخاند.

پێشتر (جەمیل بایک) هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە لێدوانێکدا بۆ گاردیانی بەریتانیایی، رایگەیاندبوو کە ئەوان لەگەڵ یەکپارچەیی و یەکگرتوویی خاکی عێراقن.

هەروەها (سەڵاحەدین دەمیرتاش)ـی هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکراسی گەلا (HDP)، بە ماڵپەڕێکی نزیک لە پەکەکەی راگەیاندبوو، کە شنگال بەشێکە لە عێراق و دەبێ سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی سەربەخۆی تێدا جێگیر بکرێت.
ئەم لێدوانانە نەک تەنیا لەسەر ئاستی ڕێکخراوەیی و حیزبە سیاسییەکان کاردانەوەی هەبووبێ، بەڵکە چەن ڕۆژێکە چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەیش، بە توندی وەڵامی وەها لێدوانی نانەتەوەیی و کوردستانیانەیان دایەوە و، لەسەر ئەو باوەرە بوون کە، ئەمە پرسێکی تەواو نێوخۆیی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو کەسایەتیانە ناشێ کە یەکێکیان کوردینەزان و ئەوی دی، هێشتا بە دەست گرفتە نێوخۆییەکانی حیزبەکەی و ئەو پارچەیەیشی کە چالاکیی سیاسیی تیدا ئەنجام دەناڵێنێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار