فەرماندەی پێشووی پرۆسەکانی نەینەوا عەلی غێدان بە فرۆشتنی مووسڵ تۆمەتبار دەکا و ئەویش ڕەتی دەداتەوە

بەغدا-KDP.info- فەریق (عەلی غێدان) کە پێشتر فەرماندەی هێزی پیادەی عێراق بوو، ئەمڕۆ شەممە گوتی، "ئەوەی کە من بە فرۆشتنی مووسڵ تۆمەتبار دەکات، خۆی لە لایەن داگاوە داواکراوە."
(غێدان) کە لەسەردەمی (نووری مالیکی)ـدا فەرماندەی هێزی پیادەی سوپای عێراق بووە، ئەو زانیاریانە ڕەت دەداتەوە کە، فەریق(مەهدی غەڕاوی)ـی فەرماندەی پێشووی پرۆسەکانی نەینەوا ئاراستەی کردوون؛ دەیشڵێت زانیارییەکان ڕاست نین.
(غێدان) هەروەها دەڵێ، (غەڕاوی) بە فەرمانی (نووری مالیکی) کە پێشتر فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو، لە لایەن دادگای سەربازییەوە داواکراوە و، هیچ پاساوێکیشی بۆ قسەکانی نییە.
لەوەتەی مووسڵ بە دەستی داعش کەوتووە، ئەمە یەکەم لێدوانی(عەلی غێدان)ـە دەربارەی ئەم پرسە، کە پێشتر بە فەرمانی (مالیکی) سەرپەرشتیی شەڕی نەینەوای پێسپێردرابوو و فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانیش(عەبوود قەنبەر) هاوکاری بوو.
لە یەکەم دەرکەوتنیشیدا پاش کەوتنی مووسڵ، فەرماندەی فەرماندەیی نەینەوا(مەهدی غەڕاوی)، (غێدان)ـی لە کەوتنی مووسڵ بە بەرپرسیار ناو برد و بەوە تۆمەتباری کرد کە، مووسڵی بە ڕێکخراوی داعش فرۆشتووە.
لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا کە بەر لە دوو ڕۆژ ساز دراوە، (غەڕاوی) ڕایگەیاند، فەرماندەی هێزی پیادەی عێراق(عەلی غێدان) پێشتر ڕاپۆرتی درۆیینی دەدا بە (مالیکی) کە پێوەست بوون بە دۆخی یەکە سەربازییەکان لە پارێزگای نەینەوا؛ ئەو فیرقەی سەربازی لە پارێزگاکانی باشوورەوە بۆ پارێزگای ئەنبار دەگوێزتنەوە، لە کاتێکدا شەڕ لە مووسل بوو.
ئاماژەیشی دا، سێ ڕۆژ بەرلە کەوتنی ئەو هێزەی کە لە مووسڵ بوون ژمارەیان تەنیا حەوتهەزار ئەفسەر و سەرباز بوو؛ ئەو فەرماندەیەی پێشووتری مووسڵ، هاوکات پاریزگاری مووسڵ و بەڕێوەبەری پۆلیسیش لە کەوتنی مووسڵ بە تۆمەتبار ناو دەبات، بەڵام ناڵێ کە چۆنچۆنی تێوەگلاون.
زریان زیاد




