٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیەدە نایەوێت هێزەكانی دیكە بەشداری لە ئازادكردنی كۆبانیدا بكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەڵێت، بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی دهۆك، سەرجەم ئەو نیگەرانیانەی لەسەر هێزی حزبی لە ڕۆژئاوا هەن، نامێنن. ڕوونیشی دەكاتەوە كە ئەوان سەدان سەركردەی سەربازییان بۆ شەڕ لە دژی داعش ئامادەن.

ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا (سەعید عومەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هێزی ڕۆژئاوای كوردستان هەر كاتێك فەرمان بۆ پارێزگاری لە خاكی ڕۆژئاوای كوردستان بكرێت، ئامادەیە.

گوتیشی، "ئەو هێزەی كە بە ناوی هێزی ڕۆژئاوای كوردستان ئامادەیە، نزیكەی 90%ـیان زیاتری ئەندام و لایەنگرانی پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریان كە لە ڕێگای ئێمەوە چوونەتە مەشق و خولی سەربازی، لە كاتێكدا ئێمە سەدان كادیری سەربازیمان هەن لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان ئامادەن بەرگری لە خاكی ڕۆژئاوا بكەن و باشترین بەڵگەیش لەسەر ئەوە دەستگیركردنی سەركردە سەربازییەكانمان بوو لەلایەن یەپەگە و پەیەدەوە؛ ئەوەی ئێمە دەڵێین ئەوەیە كە دەبێت ئەو هێزەی بەرگری لە ڕۆژئاوا دەكات، هێزێكی ڕۆژئاوایی هاوبەش بێت، چونكە بەپێی ڕێككەوتنی هەولێر لە خاڵی دووەمدا ئاماژە بەوە دراوە كە دەبێت هێزێكی ڕۆژئاوا بە بەشداری سەرجەم هێزەكان دروست بكرێت".

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەشڵێت، "لە خاڵی سێیەمی ڕێككەوتنەكەدا ئەوە خراوەتە ڕوو كە لە سەرەتادا دەكرێت سەرجەم هێزەكان بۆ ماوەیەكی كاتی ئەو هێزە دروست بكەن، چونكە بە تەنیا هێزێك ناتوانێت بەرگری لە ڕۆژئاوا بكات، باشترین نموونەیش كۆبانییە كە ئەگەر هەموو هێزەكان بەشدارییان لەو شەڕەدا بكردبایە، ئەوا دۆخی كۆبانی وای لێ نەدەهات و خەڵك باشتر بەرگری لە خاكی كوردستان دەكرد، بەڵام بەداخەوە پەیەدە ڕێگە نادات لایەنەكانی دیكە بەرگری لە خاكەكەیان بكەن، ئێمەیش نامانەوێت بێ هەماهەنگی بچینە ناو كۆبانییەوە، چونكە مەترسیی شەڕی ناوخۆی لێ دەكرێت".

(سەعید عومەر) هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە، هێشتا دوو خاڵی دیكەی ڕێككەوتنی هەولێر ماون، ئەوانیش بەڕێوەبردنی ڕۆژ‌ئاوا و پێكهێنانی هێزی ڕۆژئاوان كە بە بێ ئەم خاڵانە خاڵی یەكەمی ڕێككەوتنەیش جێبەجێ ناكرێت كە باس لە ڕێككەوتنی سیاسی دەكات.

كارزان هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار