بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی 21 بڕیارەکەی بۆ پێشمەرگە دەرچوون بەردەوامە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پەرلەمان لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەو 21 بڕیارەی بۆ پێشمەرگە دەرچوون بەردەوامە و، بۆ ئەم مەبەستەیش سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن.
ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان (محەممەد سادق سوورچی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان 21 بڕیاری بۆ باشتركردنی ژیانی پێشمەرگ دەركرد و، هەر لە سەرەتاوە بڕیاری یەكەم پێوەست بوو بەوەی یەكەم وەزارەت مووچەی پێشمەرگە دابەش بكرێت كە ئەوە جێبەجێ كرا و، بڕیارەكانی دیكەیش پەیوەندییان بە چارەكردنی قەیرانی داراییی هەرێمەوە هەیە و هەر كاتێك چارە بوو، ئەو بڕیارانەیش جێبەجێ دەكرێن.
(محەممەد سادق) گوتیشی، لە ئێستادا پەرلەمان كار لەسەر پڕۆژەبڕیارێك دەكات بۆ ئەوەی تاوەكو ئەو بڕیارانە جێبەجێ دەكرێن، نزیكەی 200 هەزار دینار بۆ پێشمەرگە زیاد بكرێت و بەم زووانەیش ئەو پڕۆژەبڕیارە لە پەرلەمان پەسەند دەكرێت.
(سوورچی) دەیشڵێت، "پێشتر وەزیری پێشمەرگە لەبارەی جێبەجێكردنی ئەو21 بڕیارەی دەركراون، بانگهێشتی پەرلەمان كراوە و بڕیارە ئەم جارە ئێمە وەكو لیژنەی پێشمەرگە سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە بكەین نەك ئەوان دووبارە بێنە پەرلەمان، كە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو 21 بڕیارە بكەین و بزانین چ هەوڵێك بۆ جێبەجێكردنیان دراوە".
بڵند ئیبراهیم




