٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە: ڕێگامان بۆ ئازادكردنەوەی زۆر شاری دیكەی عێراق خۆش كردووە.. بە بەرنامە دەچینە ناو شنگالەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info- سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، پێشمەرگە لە سەرجەم ئەو شوێنانەی لە داعشی وەرگرتوونەتەوە، سەنگەر جێگیر دەكات. گوتیشی كە پێشمەرگە هۆكارە بۆ ئازادكردنەوەوی زۆر شوێنی دیكەی عێراقیش.

سوپاسالاری وەزارەتی پیشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەریق (جەمال محەممەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت، سەرجەم ئەو شوێنانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئازادی كردوون، سەنگەریان لێ جێگیر دەكات و بەپێی بەرنامە و پلانی تایبەتی وەزارەت پێشمەرگە و بە نەخشەیەكی سەربازی، سەنگەرەكان قایم دەكرێن و خەندەقی سەربازی لێ دەدرێن.

فەریق (جەمال) گوتیشی، "سەرجەم ئەو شوێنانەی لە میحوەری ڕۆژئاوای مووسڵ لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە ئازاد كراونەتەوە، بە تەنیا هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕزگاری كردوون و هیچ هێزێكی دیكە هاوكار نەبووە بە تایبەتی سوپای عێراق لەم ناوچەیە بوونی نەبووە، لەوە دەچێت بە هەماهەنگی لە جەلەولا و سەعدییە هەندێك جار فڕۆكەی سوپای عێراق هاوكاریی كردبێت، بەڵام لە سنووری ڕۆژئاوای مووسڵ تاكە هێزێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش هەبووبێت، پێشمەرگە بووە".

سوپاسالاری وەزارەتی پیشمەرگە ئاماژەیشی دا كە، لە هەر بستێكی خاكی كوردستان پێشمەرگە بەرگری دەكات و هەر شوێنێك خاكی كوردستان بێت پێشمەرگەی لێ دەبێت.

لە بارەی شنگالیشەوە دەڵێت، "پێشمەرگە سێ میحوەری شنگالی بە دەستەوەیە، لەو میحوەرانە پێشمەرگە جێگیر دەكرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی شارێكی گەورەیە، دەبێت بە بەرنامەی سەربازی و پلانی تایبەت بچینە ناوەوە، جیا لەوەی ئێمە ڕێگای سەرەكیی شنگال و چیای شنگالیشمان ئازاد كردوون، لە هەمان كاتدا ڕێگایەكی زۆر باشە بۆ ئەوەی تەلەعفەر ئازاد بكرێتەوە و سوپای پێشمەرگەیش ڕێگایەكی یەكجار درێژی بۆ ئازادكردنەوەی تەلەعفەر كورت كردەوە، بۆیە لەسەر حكوومەتی عێراق و سوپای عێراق پێویستە شوێنەكانی خۆیان ئازاد بكەنەوە".

سەبارەت بەو بڕە پارەیەی كە بەغدا بۆ هێزی پێشمەرگەی دەنێرێت، سوپاسالاری پێشمەرگە گوتی، ئەوان چاوەڕوانی بڕیارەكانی پەرلەمانن تا لەلایەن حكوومەتەوە جێبەجێ بكرێن بۆ دابینكردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە و كڕینی پێداویستیی سەربازی بۆیان.

دەشڵێت، "ئەوە چەند ساڵێكە ئێمە داوامان لە بەغدا كردووە بۆ ئەوەی چەكمان بداتێ، بۆیە لەمەودوایش دەبێت ئەو هاوكارییەی پێشمەرگە بكرێت".

کارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار