گومان دەكرێت میلیشیا شیعەكان بن.. لە خورماتوو مەلایەكی كورد تیرۆر کرا

خورماتوو-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ڕایگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە خورماتوو مەلایەكی كورد تیرۆر كرا و گومانیش دەكرێت چەكدارانی میلیشیا شیعەكان بن.
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو رائید (فارووق ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ لە كاتی چوونیدا بۆ بازاڕ، ئۆتۆمبێلك كە چەند چەكدارێكی تێدا بووە، تەقەیان لە مەلای مزگەوتی حوسێن مەلاوەهاب بە ناوی (مەلا سەڵاح جەمال تەها) كرد و لە ئاكامدا دەستبەجێ گیانی لە دەست دا.
رائید (فارووق) گوتیشی، دیارە كە ئەو كارە لەلایەن چەكدارانی میلیشیا شیعەكانەوە دەكرێن و تاوەكو ئێستایش لە شارۆچكەكە چەند كەسیان ڕفاندوون و كوشتوون.
زیاتر گوتی، "كوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتیان لە خورماتوو بووەتە دیاردە و ئێمەیش هەموو لایەكمان لەو كارە ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام ئیدارەی شارۆچكەكە بێدەنگە".
بڵند ئیبراهیم




