٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: بڕیاری چۆن لەگەڵ یەکدی ژیان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانە، نەك كەسێك كە هیچ پەیوەندییەكی بەو وڵاتەوە نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی) رایگەیاند، "پێویستە ئەوە بزانین وشەی (دەبێت) لەلایەن كەسانێكەوە بەكار دێت ئەگەر ئەو كەسانە عەرەب بن و بڕیار لەسەر چارەنووسی كوردێك بدەن نەك كەسێك لێدوانی وا بدات كە شۆڕشگێر بێت و خەباتی لە پێناوی ئازادیی چوار پارچەی كوردستاندا كردبێت، جگە لەوەیش خەڵكی هەرێمی كوردستان یان عێراقییەكان بڕیار دەدەن كە چۆن لەگەڵ یەكتر دەژین نەك كەسێك كە هیچ پەیوەندییەكی بەو وڵاتەوە نییە."

"تاكو داعش لە عێراق وەدەر نەنرێت، ناكرێ بگوترێ مەترسی نەماوە، هەرچەندە داعش جگە لە شنگال لە هەموو كوردستان وەدەر نراوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت جارێ تیرۆریستان دراوسێی ئێمەن". دەشڵێت، "پێشمەرگە بە تەنیا نەبووە لە بەرگری و هێرشكردنەسەر داعش و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان لە پشتیوانیكردن و بەرزكردنەوەی ورەی هێزەكانی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنین."

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی)، بۆ تەلەڤزیۆنی كوردستان تی ڤی گوتی، "لە كاتێكدا كە هەرێمی كوردستان بەو قۆناخە سەختەدا تێپەڕ دەبوو، دەبووایە هەموو لایەنەكان لەسەر پرسە نەتەوەییەكان یەكهەڵوێست بوونایە و لەو چوارچێوەیەیشدا هەر كەس بە بیروباوەڕی خۆی وەك ئازادیی رادەربڕین دەكرا بیری كردبایەوە، چونكە هەڕەشەكان لەسەر تەواوی خاك و خەڵكی كوردستان بوون و لەجێی ئەوە با شنگال ئازاد بكەین و خزمەتی بكەین دوای ئەوە لە قۆناخی دووەمدا دەكرێت حیزبایەتی بكەین".

(میرانی) هەروەها ئاماژەی دا كە، پارتی لە ساڵانی پەنجاكانەوە لە شنگال هەیە و ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەو ناوچەیە بەشداریی قۆناخەكانی شۆڕشیان لەسەر دەستی پارتیدا كردووە.

لە وەڵامی ئەو لێدوانەی كە (سەڵاحەددین دەمیرتاش) پێوەست بە شنگال دای، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی گوتی، "ئێمە وامان زانیوە كە ناوبراو لە گوتەكانی پەشیمان بووەتەوە، هەروەها پرسی شنگال لە دەست خودی ئێزدی و شنگالییەكانە و جگە لەوەیش سیستەمی كانتۆن لە وڵاتێكی وەكو عێراق نییە و نەبووە، لەبەر ئەوە ئەو بابەتە پەیوەستە بە عێراق و هەرێمی كوردستان و لە پێشەوەی هەموویشیان لە دەست خەڵكی ئەو ناوچەیە خۆیەتی كە چۆن بریاری خۆیان دەدەن."

سەبارەت بە قسەكانی (جەمیل بایك)ـیش كە رایگەیاندبوو دەبێت عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە، (فازڵ میرانی) دەڵێت، "جارێ پێویستە ئەوە بزانین وشەی "دەبێت" لەلایەن كەسانێكەوە بەكار دێت ئەگەر ئەو كەسانە عەرەب بن و بڕیار لەسەر چارەنووسی كوردێك بدەن نەك كەسێك لێدوانی وا بدات كە شۆڕشگێر بێت و خەباتی لە پێناوی ئازادیی چوار پارچەی كوردستاندا كردبێت، جگە لەوەیش خەڵكی هەرێمی كوردستان یان عێراقییەكان بڕیار دەدەن كە چۆن لەگەڵ یەكتر دەژین نەك كەسێك كە هیچ پەیوەندییەكی بەو وڵاتەوە نییە."


 

هەواڵی پەیوەندیدار